ترەمپ: لە دوو هەفتەی داهاتوودا سەرکەوتن بەسەر ئێراندا رادەگەیەنین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ ئەمریکا لە دوو هەفتەی داهاتوودا سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر ئێراندا رادەگەیەنێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی  (CNN)، ترەمپ لە کاتی کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە رێگەی تەلەفۆنەوە بۆ پشتگیریکردن لە سیناتۆر لیندسی گراهام لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور کە رۆژی سێشەممە بەشداری هەڵبژاردنی بەرایی دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە ئەمریکا لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر ئێراندا رادەگەیەنێت.

ترەمپ گوتی: "ئێستا ئێمە لە دانوستانداین، ئەوان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتنێکی زۆر باش. ئەوان ئامادەن هەموو شتێکمان پێبدەن، بەڵام ئامادەن هیچ چەکێکی ئەتۆمیمان پێنەدەن".

گوتیشی: "پێم وایە ئێمە لەم جەنگەدا سەردەکەوین، بەڵام سەرکەوتنی راستەقینە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بەدی دێت کاتێک سەرکەوتنی تەواوەتی رادەگەیەنین، ئەوەش سەرکەوتنێکی تەواو دەبێت و زۆر زوو روودەدات، هەروەها نرخی نەوتیش بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت".

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەمە یەکەمجار نییە، ترەمپ بەڵێنی بەدەستهێنانی پێشکەوتنی گەورە لە ماوەی دوو هەفتەدا دەدات.

بڕیار بوو ئاگربەست لەگەڵ ئێراندا، کە لە 7ـی نیساندا راگەیەندرا، بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی هەردوولا رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە واژۆ دەکەن. بەلام تا ئێستا شکاندنی ئاگربەست لەلایەن هەردوولاوە بەردەوامە.