عێراق، ئوردن، سووریا و هەرێمی کوردستان پرسی پاراستنی سنوورەکان تاوتوێ دەکەن
کۆبوونەوەیەکی گرنگی سەربازیی لە نێوان سوپاکانی عێراق، ئوردن، سووریا و هێزەکانی پێشمەرگە، بە مەبەستی پەرەپێدانی هەماهەنگیی سەربازی، ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری و جێبەجێکردنی پلانی هاوبەش بۆ پاراستنی سنوورەکان لە دژی هەڕەشە ئەمنییەکان، لە ئوردن ساز کرا.
سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، هەر یەکە لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئوردن، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتیی سووپا و هێزە چەکدارەکانی سووریا، وەزیری پێشمەرگە و سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە، لە ئوردن کۆبوونەوە.
یەحیا رەسوول، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان لایەنە بەشداربووەکان و چەسپاندنی ئاسۆکانی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش ئەنجامدرا، لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنە خێراکان و ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت، بە شێوازێک کە خزمەت بە پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەشداربووان تاوتوێی چەندین دۆسیە و پرسی جێی بایەخی هاوبەشیان کرد، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئاسایشی ناوچەکە، پاراستنی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییە سنووربەزێنەکان، لەگەڵ گرنگیی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەکان و، بەهێزکردنی ئامادەکاری و توانای هاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ئێستا و داهاتوو.
بە پێی راگەیەنراوەکە، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردەوە کە "پەرەسەندنە خێراکانی ناوچەکە پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و بەهێزکردنی کارە هاوبەشەکان هەیە".
ئاماژەیان بەوەش کرد کە، "پاراستنی سنوورەکان و پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵاتان، پێویستی بە بەردەوامیی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان هەیە، بە جۆرێک کە توانای بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان بە لێهاتوویی و کاریگەرییەوە بەهێز بکات."
هەروەها جەختیان لەسەر "گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازییە هاتووەکانی ئێستا، فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری و هەماهەنگی و، ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەزموونەکان کردەوە، بە شێوازێک کە توانای بەرگری و ئامادەیی ئۆپەراسیۆنەکان بەهێز بکات و پاڵپشتی لە ئاسایش و سەقامگیریی دەوڵەتانی ناوچەکە بکات."
لای خۆیەوە سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، لە پهراوێزی کۆبوونەوەکەدا، چاوی بە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کەوت" و، تێیدا لایەنەکانی هاوکاری و هەماهەنگیی سەربازی و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران، لەگەڵ تاوتوێکردنی رێگاکانی بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکان لە پێناو خزمەتکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا.