ترەمپ: ئێران هەلیکۆپتەرێکی ئەمریکی خستە خوارەوە

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئێران هەلیکۆپتەری سەربازیی پێشکەوتووی ئەمریکییان لە جۆری "ئەپاچی" لەسەر گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە. هاوکات جەختی کردەوە کە واشنتن بە ناچاری وەڵامی ئەم هێرشە دەداتەوە.

سێشەممە 9ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد سوپای ئەمریکا ئاگاداری کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو هێزەکانی ئێران هەلیکۆپتەری "ئەپاچی" زۆر پێشکەوتووی وڵاتەکەیانیان پێکاوە لە کاتێکدا سەرقاڵی چاودێری بووە لەسەر گەرووی هورمز.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد: "دوو فڕۆکەوان لەنێو هەلیکۆپتەکەدا بوون، هەردووکیان سەلامەتن و هیچ بریندارییەکیان نییە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ناچاری وەڵامی ئەم هێرشە دەداتەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 07:33 خولەکی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 08ـی حوزەیران، بە کاتی ئەمریکا، هێزەکانیان دوو سەربازی تیمی هێلیکۆپتەرێکی جۆری "ئەی ئێچ 64 ئاپاچی"ـیان رزگار کردووە دوای ئەوەی لە کاتی دەورییەکدا لە کەناراوەکانی ناوچەکەدا تووشی رووداو بووە. 

ئاماژەی بەوەش داوە، سەربازەکان لە ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێردا رزگار کران و ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە.