ئەحمەد داودئۆغڵۆ: بەشدارنەبوونی کوردستان لە شەڕ بڕیارێکی حەکیمانە بوو

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند کە خۆی بە "ئەحمەد ئەربیللی" دەناسێنێت و جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆک بارزانی نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە سیاسەتوانێکی خاوەن ئەزموونی گەورەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، داودئۆغڵو لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، دڵخۆشیی خۆی بۆ سەردانەکەی بۆ هەولێر دەربڕی و گوتی "لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەمە چوارەم جارە سەردانی هەولێر دەکەم، پێشتریش وەک سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە زۆر زیاتر هاتووم، بۆیە هەمیشە خۆم بە (ئەحمەد ئەربیللی) ناوزەد دەکەم."

سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و هۆشیار زێباریش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بووە. گوتیشی "لە کەشێکی دۆستانەدا پێکەوە باسی پێشهاتەکانی ناوچەکە، کاریگەرییەکانی جەنگ و پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستانمان کرد."

داودئۆغڵو وەسفی پێگەی سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند "سەرۆک بارزانی نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو ئەزمووندارترین سیاسەتوانی ناوچەکەیە، بۆیە بە گرنگییەوە گوێم لە بۆچوونەکانی گرت و ئەویش بە هەمان شێوە گوێبیستی سەرنجەکانی من بوو."

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی پارتی ئاییندە تیشکی خستە سەر دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و هەڵوێستی هەولێر و بەغدای بەرز نرخاند و گوتی "عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی نەبوونە بەشێک لە شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەمە بڕیارێکی حەکیمانە بوو. ئێمە نامانەوێت برایانی کورد دووبارە ڕووبەڕووی ئازار ببنەوە و بکەونە ناو شەڕەوە، نامانەوێت کورد تووشی کۆمەڵکوژی و هەڵەبجەیەکی دیکە ببێتەوە."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، داودئۆغڵو سوپاسی تایبەتی کوردستان24ی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو گفتوگۆیە و هیوای خواست خوا کوردستان و تەواوی ناوچەکە لە مەترسییەکان بپارێزێت.