عێراقچی: گەرووی هورمز رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی نییە

لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردا، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز " رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی نییە" و هۆشداری دا، هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا رووبەڕووی مەترسی "پێکدادان و هەڵەی سەربازی" دەبنەوە. ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی وەڵامدانەوەی سەربازی کرد بەهۆی خستنە خوارەوەی هەلیکۆپتەری ئەپاچی ئەمریکی لە ناوچەکەدا.

سێشەممە 9ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، "گەرووی هورمز رێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو ئاوێکی هاوبەشە لە نێوان ئێران و عوماندا." عێراقچی جەختی کردەوە، گەرووەکە هەزاران میل لە کەناراوەکانی ئەمریکاوە دوورە و هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر پێشێلکارییەک لە ئامادەباشی تەواودان.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی توندی ئاراستەی هێزە بیانییەکان کرد و گوتی: "هێزە بیانییەکان لە دەوروبەری خاکی ئێمەدا لەژێر مەترسی بەردەوامدان، چ بەهۆی هەڵەی مرۆیی، رووداوی سادە، یان پێکدادانی نێوان دوو لایەن." عێراقچی داوای لەو هێزانە کرد بە زووترین کات ناوچەکە جێبهێڵن، بە گوتەی ئەو "ئەم ژینگەیە هەرگیز میواندۆست نابێت بۆ بوونی هێزی دوژمنکار."

عێراقچی هەمان پەیامی قالیبافی دووبارە کردەوە و رایگەیاند کە وەک چۆن جەنگاوەرەکانمان ئازایەتییان پیشانیان داوە، تاران زمانی جیاواز لە دیپلۆماسیش دەزانێت بۆ پاراستنی سەروەرییەکەی.

هەر ئەمڕۆ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا کرد و نووسیویەتی: "ئێمە زمانی دیپلۆماسی بە باشتر دەزانین، بەڵام زمانەکانی دیکە بە رەوانتر قسەی پێ دەکەین.

ئەم لێدوانەی قالیباف و عیڕاقچی دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە تێیدا رایگەیاندبوو، هێزەکانی ئێران هەلیکۆپتەری سەربازیی پێشکەوتووی ئەمریکییان لە جۆری "ئەپاچی" لەسەر گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە. هاوکات جەختی کردەوە کە واشنتن بە ناچاری وەڵامی ئەم هێرشە دەداتەوە.

ئێستا جیهان بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە گەرووی هورمز، کە ئایا واشنتن بەرەو وەڵامدانەوەی سەربازی هەنگاو دەنێت یان هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەستپێدەکەنەوە بۆ رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی وزە و تەناهی جیهان دەبێت.