ترەمپ: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هیچ پێویست نەبوو

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ هێرشە ئەم دوواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هیچ پێویست نەبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا تێگەیشتنی بۆ پاڵنەرەکانی پشت هێرشەکە نیشاندا. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە هەنگاوی وەها نەنێت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر رەوتی دانوستانە بەردەوامەکان لەگەڵ تاران هەبێت.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ABC گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هەر شێوەیەک بێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئێراندا سەردەکەوێت" و متمانەی خۆشی پیشاندا کە ململانێی ئێستا بەرەو یەکلاییبوونەوە دەچێت.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران زیادیان کردووە، دوای خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی لە جۆری "ئەپاچی" لە گەرووی هورمز. ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، ئێران هێلیکۆپتەرەکەی لە کاتی ئەرکێکی ئاساییدا لە نزیک کەناراوەکانی عومان خستووەتە خوارەوە، بەڵام هەردوو فڕۆکەوانەکە رزگاریان بووە، جەختیشی کردەوە، ئەمریکا "ناچارە وەڵامی ئەم رووداوە بداتەوە".

لە نوێترین لێدوانیدا بۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ترەمپ بایەخی رووداوەکەی کەمکردەوە و گوتی "شتێکی ئەوەندە گەورە نەبوو، بەڵام وەڵامێکی باشیان وەرگرت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نەیارەتییەکەی بۆ زیاتر توندکردنی دۆخەکە.

سەبارەت بە فشارە ئابوورییەکان، ترەمپ دووپاتی کردەوە، گەمارۆکان ئێرانیان زۆر هەژار کردووە و جەختی کردەوە، سیاسەتی فشاری ئابووری و سزاکان تا ئەو کاتەی پێویست بێت بەردەوام دەبن.