گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئامانجی سەردانی زەیدی بۆ ئەمریکا ئاشکرا دەکات

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابینکراوە و مەلەفی مووچە هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ واشنتن، عەلی فالح زەیدی چەندین دەسپێشخەریی گرنگ تاوتوێ دەکات.

رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکی بۆ میدیا فەرمییەکان رایگەیاند، سەردانی داهاتووی سەرۆکوەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆسیە و دەسپێشخەریی گرنگ لەخۆ دەگرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیران کار دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، عەبوودی جەختی کردەوە کە سەرۆکوەزیران چاوپۆشی ناکات و ناوی هەموو ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە گەندەڵی دەکەن و یاری بە سامانی گشتی دەکەن.

سەبارەت بە شایستە داراییەکان، حەیدەر عەبوودی گوتی: "مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابینکراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ چاپکردنی دراو نییە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەت پابەندە بە پێدانی شایستەی گرێبەستەکان و فەرمانبەرانی رۆژانە، بەڵام گواستنەوەیان بۆ ناو میلاکی بودجە لای وەزارەتی داراییە.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق راشیگەیاند، کار بۆ تەواوکردنی کابینە وەزارییەکە دەکەن. لە کۆتاییشدا گوتی: "عێراق قبووڵ ناکات ببێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر هیچ وڵاتێک و رێگەش نادات هیچ وڵاتێک دەستوەردان لە کاروباری عێراقدا بکات."