نەخۆشی شەقیقە.. هۆکار و رێگەکانی خۆپاراستن

شەقیقە یەکێکە لە گرفتە دەمارییە هەرە بڵاوەکان کە دەبێتە هۆی سەرئێشەیەکی توند و بێزارکەر.

 توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن، کە ناسینەوەی ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی سەرهەڵدانی سەرئێشەکە و گۆڕینی شێوازی ژیان، رۆڵی سەرەکییان هەیە لە کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئەم نەخۆشییە.

شەقیقە تەنیا سەرئێشەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو تێکچوونێکی دەماریی ئاڵۆزە و زۆربەی جار یەک لای سەر دەگرێتەوە. لێرەدا گرنگترین زانیارییەکان لەسەر ئەم نەخۆشییە و رێگەکانی رووبەڕووبوونەوەی دەخەینە روو:

کێ زیاتر رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە؟

تەمەن: شەقیقە زیاتر لەنێوان تەمەنی 30 بۆ 39 ساڵیدا بڵاوە، زۆر دەگمەنە کەسێک دوای تەمەنی 50 ساڵی بۆ یەکەمجار تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت.
رەگەز: ژنان 3 بۆ 4 هێندەی پیاوان تووشی شەقیقە دەبن، ئەوەش بەهۆی گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانەوە.
بۆماوەیی: ئەوانەی لە خێزانەکانیاندا کەسی تووشبوو هەیە، 3 هێندە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە.
نەخۆشییە درێژخایەنەکان: ئەو کەسانەی شەکرە، بەرزیی فشاری خوێن، قەڵەوی یان بەرزیی کۆلیسترۆڵیان هەیە، زیاتر تووشی شەقیقەی درێژخایەن دەبن.

بۆ ئەوەی لە ئازاری شەقیقە دووربێخیت، پێویستە خۆت لەم هۆکارانە بپارێزیت:

- رووناکی زۆر بەهێز و دەنگی بەرز.
- کەمخەوی و ماندوێتی جەستەیی.
- گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ.
- هەندێک جۆری خۆراک وەک: پەنێری کۆن، شوکولاتەی تۆخ، کحول، گۆشتی پرۆسێسکراو و کافاین.
- گۆڕانی کەشوهەوا و بەکارهێنانی تووتن.

6 رێگە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی شەقیقە:

دیاریکردنی هۆکارەکان: رۆژانە تێبینی بنووسە بۆ ئەوەی بزانیت چ جۆرە خۆراک یان بارودۆخێک سەرئێشەکەت بۆ دروست دەکات.
شێوازی خواردن: رۆژانە بڕی پێویست ئاو بخۆرەوە (9 پەرداخ بۆ ژنان و 13 بۆ پیاوان). دووربکەوەرەوە لە خواردنی سوێر و شیرینی زۆر.
وەرزشکردن: وەرزشی ئایرۆبیک و رۆیشتن دەبنە هۆی کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی و باشترکردنی خەو، بەڵام نابێت زیاد لە توانی خۆت ماندوو ببیت.
کۆنترۆڵکردنی دڵەڕاوکێ:  یۆگا، مێدیتەیشن و هەناسەدانی قووڵ یارمەتیدەرێکی گەورەن.
رێکخستنی خەو: هەوڵبدە رۆژانە 7 بۆ 8 کاتژمێر بخەویت و کاتی خەوتن و هەستانت جێگیر بێت.
بەکارهێنانی دەرمان: لە ژێر چاودێری پزیشکدا، هەندێک دەرمانی تایبەت یان دەرزی بۆتۆکس دەکرێت وەک رێگرییەک بەکاربهێنرێن.
کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەگەر هەستت بە نیشانەکانی شەقیقە کرد یان گۆڕانکاریی لە جۆری سەرئێشەکەتدا دروستبوو، پێویستە راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەیت بۆ ئەوەی پلانێکی گونجاوی چارەسەرت بۆ دابنێت.

شەقیقە وەک نەخۆشییەکی دەماری پێناسە دەکرێت کە زۆربەی جار لەگەڵ دڵتێکهەڵاتن و هەستیاریی زۆر بەرامبەر بە رووناکی و دەنگ دەردەکەوێت. بەگوێرەی ئامارە پزیشکییەکان، تەمەنی 30 بۆ 39 ساڵی لوتکەی تووشبوونە بەم نەخۆشییە و ژنانیش 3 بۆ 4 هێندەی پیاوان رووبەڕووی ئەم گرفتە دەبنەوە، کە بەشێکی زۆری پەیوەندی بە گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانەوە هەیە. هەروەها رەگەزی بۆماوەیی رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، بە جۆرێک ئەوانەی پێشینەی خێزانییان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان سێ هێندە زیاترە.