سوودەکانی گوێز بۆ تەندروستیی مرۆڤ
توێژینەوە نوێیەکان ئاشکرای دەکەنو خواردنی بەردەوامی گوێز رۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە پاراستنی تەندروستیی دەروونی، ئەمەش لە رێگەی باشترکردنی جۆری خەو و یارمەتیدانی جەستە بۆ گونجان لەگەڵ فشارە دەروونییەکاندا، جگە لە سوودە ناسراوەکانی بۆ تەندروستیی دڵ و مێشک.
گوێز بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین جۆرەکانی چەرەس دادەنرێت بەهۆی هەبوونی چەورییە تەندروستەکان، ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا 3، ریشاڵ، پرۆتین، و کۆمەڵێک کانزا و ڤیتامینی گرنگ لەگەڵ دژەئۆکسانەکان کە بە گشتی پشتیوانی لە تەندروستیی جەستە دەکەن.
توێژینەوەکان دەریانخستووە، گونجاندنی گوێز لە سیستەمی خۆراکیدا، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە دابەزاندنی ئاستی کۆلیستڕۆڵی خراپ و چەورییە سیانییەکانەوە هەیە، هەروەها نیشانەکانی پەستانی خوێن باشتر دەکات، کە ئەمەش مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و چەڵتەی مێشک کەمدەکاتەوە، بە مەرجێک لە چوارچێوەی شێوازێکی ژیانی تەندروستدا بێت.
هاوکات توێژینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، گوێز دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یادەوەری و فرمانەکانی مێشک، هەروەها یارمەتی تەندروستیی ریخۆڵە و هەستکردن بە تێری دەدات بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی زیادبوونی کێشی جەستە، ئەگەر بە شێوەیەکی رێکوپێک بخورێت، جگە لەوانەش، ئەگەری هەیە رۆڵی هەبێت لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووەم.
توێژەران جەخت دەکەنەوە، هەرچەندە ئەم ئەنجامانە جێگەی دڵخۆشین، بەڵام نابێت وەک جێگرەوەی سیستەمی خۆراکی هاوسەنگ و شێوازی ژیانی تەندروست سەیر بکرێن، چونکە هێشتا هەندێک لە سوودەکان پێویستییان بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی پشتڕاست بکرێنەوە.