ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە؛ پێشنیاری پێکهێنانی دەستەیەکی باڵای هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دۆسیەی نەوت و داهاتەکانی تاوتوێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دوایین سەردانەکەی بۆ بەغدا و ئاماژەی بە گرنگی گەڵاڵەکردنی نەخشەرێگەیەک کرد بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک وەزیران پێشنیاری هێنانەکایەی "دەستەیەکی باڵای وەزاریی هاوئاهەنگیی هەمیشەیی" کرد، کە لە وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیداری هەردوو حکومەت پێکبێت.
لای خۆیەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، پشتگیری خۆی بۆ پێشنیارەکە دەربڕی و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بە دامەزراوەییکردنی چارەسەری کێشەکان و رۆڵێکی ئەرێنی لە نێوان هەردوولادا دەگێڕێت. ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیاردرا ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا، دوا پەرەسەندنەکانی دۆسیەی نەوت و ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ لایەنە فیدراڵییەکان خرایە ڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی "عەلی زەیدی" کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە داراییەکان.
ئەنجوومەنی وەزیران وەزیری سامانە سروشتییەکان و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ڕێکارەکان خێراتر بکەن تاوەکو لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە بەرزترین ئاستی هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە و داهاتەکەش بۆ گەنجینەی فیدراڵ بێت. هەروەها جەختکرایەوە کە پێویستە کۆمپانیا نەوتییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بکەنەوە، دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵ دڵنیایی داوە لە پاراستنی ئاسایشی کەرتی وزە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان.لە بڕگەی کۆتاییدا، پرسی داهاتە ناوخۆییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" تاوتوێ کرا. وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێکی لەسەر داهاتی پێنج مانگی یەکەمی 2026 خستەڕوو، کە تێیدا ئاماژە بە دابەزینی بەرچاوی داهات بە ڕێژەی زیاتر لە 70٪ کراوە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و جەنگ و یەکلایی نەبوونەوەی دۆسیەی ئەسیکۆدا.
ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد پێداچوونەوە بە بڕی ئەو 120 ملیار دینارەدا بکات کە وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ دیاریکراوە.
سەبارەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوای کرد لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجوومەنی وەزاریی فیدراڵ بۆ کاروباری ئابووری، ئەو لەیەکترتێگەیشتنە بەراییە پەسەند بکات کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ واژۆ کراوە، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی زیادکردنی داهاتی دەروازەکان و بووژانەوەی بازاڕ کە لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقدایە.


