گۆتێرێز: نیگەرانین لە سەرهەڵدانەوەی ململانێیەکی گشتگیر لە ناوچەکەدا

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی پەرەسەندنە نوێیەکان ببنە هۆی دەستپێکردنەوەی ململانێیەکی گشتگیر و فراوان لە ناوچەکەدا.

چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "گەلانی ناوچەکە باجێکی زۆر گران دەدەن بەهۆی ئەم ئاڵۆزییە بەردەوامانە، کە کاریگەرییەکانی هەموو جیهانیش دەگرێتەوە".

سەبارەت بە دۆخی لوبنان، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کار بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دیپلۆماسی کە تیایدا رێز لە سەروەری لوبنان و سەلامەتی خاکەکەی بگرێت.

لە لایەکی دیکەوە و دەربارەی کەرتی غەززە، گۆتێرێز داوای کرد هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست دەستبەجێ و بە تەواوی جێبەجێ بکرێن، هەروەها جەختی لە پێویستی لابردنی هەموو ئەو رێگرییانە کردەوە کە دەبنە کۆسپ لەبەردەم گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، راشیگەیاند "غەززە بەشێکی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی فەڵەستین و پێویستە هەرواش بمێنێتەوە".

لە کۆتاییدا، گۆتێرێز ئاماژەی بەوە کرد، راپۆرتەکان لە کەناری رۆژئاواوە جێگای نیگەرانین، بەتایبەت دەربارەی زیادبوونی توندوتیژی کۆچبەرە جوولەکەکان بەرانبەر فەڵەستینییەکان وەکو، تێکدانی خانوو، زەوتکردنی زەوی و فراوانکردنی نشینگەکان، گوتیشی، پرۆسەی راگوێزانی فەڵەستینییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ساڵی 1967ـەوە بێوێنە بووە.

ئەم لێدوانەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز لە کاتێکدایە، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و لوبنان لە لایەکی دیکە، بەڵام تاوەکو ئێستا گرژیی و پێکدادانەکان بەردەوامیان هەیە، هاوکات دۆخی ناوچەکە بە گشتی و گەرووی هورمز بە تایبەتی بە چارەنووسێکی نادیارەوە ماوەتەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕە جیهانییەکان تا دێت زیاتر دەبێت.