بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا پشتیوانی خۆیان بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە
بە ئامادەبوونی کونسوڵی گشتیی بەریتانیا و بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، ناوەندی گەنجان لە هەولێر کرایەوە و جەخت لە گرنگیی پشتیوانیکردنی گەنجان و رەخساندنی هەلی کار کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، ئەندرو بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە کاتی کردنەوەی سەنتەرەکەدا بە کوردستان24ـی راگەیاند "زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لە کردنەوەی سەنتەری گەنجان بەشدار بووم، باڵاخانەکەی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشە، چەندان رۆژ لە کاتی کارکردن لەم باڵاخانەیەدا بێرەدا تێپەڕیوم، زۆر دڵخۆشم کە ئێستە بە تەواوکراوی دەیبینم."
کونسوڵی بەریتانیا ئاماژەی بە گرنگیی پڕۆژەکە کرد بۆ ناوچەکە و گوتی "لەو باوەڕەدام ئەوەی کردویانە زۆر گرنگە بۆ گەنجان لەم هەرێمەدا، بەتایبەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچی گەنجان. کەواتە ئەو پڕۆژەیە لەو پڕۆژانەیە کە زۆر گرنگە پشتیوانی بکرێت."
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان، ئەندرو بیزڵی گوتی "ئەو شتەی کە زۆر گرنگە بۆ من لەبارەی پەیوەنی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە پەیوەندییەکە زۆر بەهێزە و هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە، ئێمە هەماهەنگیمان لە بوارەکانی بازرگانی، ئاڵوگۆڕکردن، کاروباری یاسایی و هی تر هەیە. هەفتەی داهاتوو ئاژانسێکی گەشەپێدانی هەرێمیمان لە راپەڕین کردەوە کە لە لایەن بەریتانیاوە پشتیوانی دارایی دەکرێت. ئەوەش یەکێکە لەو شتانەی کە ئێمە بۆ گەنجانی ئێرەی دەکەین. هەروەها با لەبیریشی نەکەین لایەنی تەناهیش گرنگە."
بیزڵی باسی لە ژینگەی وەبەرهێنانیش کرد و رایگەیاند "ئێمە کۆمپانیاکانمان لە بواری جۆراوجۆر لێرە هەن. براندی زۆری بەریتانیمان لێرە هەیە. کوردستان شوێنێکی باشە بۆ وەبەرهێنان. لە هەموو شوێنێکی ئێرە دەتوانی وەبەرهێنان بکەی. یەکێك لەو شتانەشی کە زۆر گرنگە لێرە سامانی مرۆییە. ئەمساڵ هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕی وەک زۆربەی شوێنانی ناوچەکە. جێگای دڵخۆشییە کە بە نەمانی گرژییەکان دووبارە سەقامگیری دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان."
لەلایەکی دیکەوە، رادو بۆتوم، سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندی یەکێتی ئەورووپا لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند "ئەمە هەلێکی ناوازەیە بۆ ئێمە کە لە کردنەوەی سەنتەری گەنجانی هەرێمی کوردستان بەشدار بووین، بۆ یەکێتی ئەوروپا گەنجان زۆر گرنگن، ئێمە لە گرنگی فەراهەمکردنی سەرچاوەکان بۆ گەنجان تێدەگەین. ئێمە زۆر دڵخۆشین کە دەبینین هەمان شت لێرەش ڕوودەدات."
بەرپرسەکەی یەکێتیی ئەوروپا هانی گەنجانی دا سوود لەو ناوەندە وەربگرن و گوتی "گەنجان بەشێکی بەرچاوی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکدەهێنن. ئەوان داهاتووی ئێمەن و گرنگە هەلیان پێ بدرێت. من دڵخۆشم دەبینم کە ئەم شوێنە بۆ هەموو گەنجان دەکرێتەوە و بەپێی ناو تۆمارکردنە. دەشزانم کە ناو تۆمارکردن بەشێوەیەکی رێژەیی بەردەستە. بۆیە من هەموو گەنجانی هەولێر هان دەدەم سوود لەو ناوەندە ببینن."