ئێران هێرشیکردە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی لە کوەیت و بەحرەین
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11حوزەیرانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا، چەند بنکەیەکی سەربازییان لە کوەیت و بەحرەین کردووەتە ئامانج.
بەپێی بەیاننامەیەکی سوپای پاسداران کە ئاژانسی ئێرنا بڵاویکردووەتەوە، لە رێگەی دوو شەپۆلی ئۆپراسیۆنەوە، 18ئامانجی گرنگی سوپای ئەمریکایان لە بنکەکانی عەلی سالم و ئەحمەد جابر لە کوەیت پێکاوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی شێخ عیسا لە بەحرەین و تێکشکێنراوە، میدیاکانی ئێرانیش باس لە هێرشکردنە سەر کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای کوەیت رایگەیاند؛ سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان رووبەڕووی چەند ئامانجێکی ئاسمانیی دوژمنکارانە بوونەتەوە. سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کوەیت لە بەیاننامەیەکدا داوای لە هاووڵاتیان کردووە پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن و زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن.