ترەمپ: ئێرانییەکان داوای راگرتنی هێرشەکانیان لێکردم
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ بەرپرسانی باڵای ئێران پەیوەندییان پێوە کردووە و داوایان کردووە بۆردومانەکانی سەر وڵاتەکەیان رابگرێت. ترەمپ جەختی کردەوە، هێرشەکان بەم زووانە کۆتاییان دێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز"، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، ئاشکرای کرد، ئەمشەو ئەمریکا بە 49 مووشەکی جۆری تۆماهۆک هێرشی کردووەتە سەر ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی تاران کە ئەگەر تا بەیانی رێککەوتنی نوێ واژۆ نەکەن، بەردەوام دەبێت لە بۆردومانکردنیان. ترەمپ گوتی: "ئێرانییەکان داوام لێ دەکەن بۆردومانەکە رابگرم." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل هیچ بەشدارییەکی لەم هێرشانەدا نەکردووە.
لە بەرامبەردا، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵاوە بڵاویکردەوە، بانگەشەکەی ترەمپ دەربارەی پەیوەندیکردنی بەرپرسانی ئێران درۆیە. ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتی، ترەمپ ئەم چیرۆکەی بۆ ئەوە هەڵبەستووە تاوەکو "خۆی لە جەنگ لەگەڵ ئێران بدزێتەوە."
ئەم گرژییانە لە شەوی دووەمی هێرشە چڕەکانی ئەمریکادایە بۆ سەر ناوخۆی ئێران. پێیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئامانجیان لە لێدانی دامەزراوە سەرەکییەکان تەنیا فشار خستنە سەر ئێرانە بۆ قبوڵکردنی رێککەوتنێکی نوێ، نەک هەڵگیرساندنی جەنگ.
لە وەڵامی ئەمەدا، سوپای ئێران کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە و هەڕەشەی وەڵامێکی زۆر توند دەکات. هەروەها تاران بڕیاری دا گەرووی هورمز بەڕووی هەموو کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکاندا دابخات.