وەزیری کۆچبەرانی لوبنان: چەکی حزبوڵڵا هیچ سوودێکی بۆ وڵاتەکەمان نەماوە
وەزیری کۆچبەرانی لوبنان رایدەگەیەنێت، چەکی حزبوڵڵا ئیتر هیچ سوودێک بە لوبنان ناگەیەنێت و جەختیش دەکاتەوە، کە ئێستا زۆرینەی لوبنانییەکان پشتگیری لە هەنگاوەکانی دەوڵەت دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی بڕیاری ئەمنی و سەربازی.
کەمال شەحادە، وەزیری کۆچبەرانی لوبنان لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، داواکاریی حزبوڵڵا لە حکوومەتی لوبنان بۆ چاککردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران کارێکی "پێکەنیناوییە" و گوتی: "ئەو پەیوەندییە سروشتییەی کە پێویستی بە پێداچوونەوەیە، پەیوەندیی نێوان حزبوڵڵا و تارانە، نەک دەوڵەتی لوبنان و ئێران".
ئەو وەزیرە لوبنانییە ئاماژەی بەوەش کرد، گەلی لوبنان بەهۆی سیاسەتەکانی قۆناخی رابردوو باجێکی زۆر قورسیان داوە و ئاشکرای کرد، کە نزیکەی 4000 کەس بەهۆی گرەوکردن لەسەر بژاردە و سیاسەتە چەوتەکان کوژراون، کە زیانی گەورەی بە وڵات گەیاندووە.
شەحادە جەختی لەوەش کردەوە، ئەو چەکەی نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا دەستی پێوە گرتووە، لەم قۆناخەدا هیچ سوودێک بە لوبنان ناگەیەنێت، بەڵکو ئێستا کاتی ئەوەیە دامەزراوە شەرعییەکانی دەوڵەت بەهێز بکرێن و بڕیاری چەک تەنیا لە دەستی حکوومەتدا بێت.
سەبارەت بە هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەو حیزبە، وەزیری کۆچبەران پێیوایە ئەو نەرمییەی حزبوڵڵا لە هەندێک پرسدا دەینوێنێت، لە پێناو بەرژەوەندیی ناوخۆیی لوبنان نییە، بەڵکو تەنیا جێبەجێکردنی رێنماییەکانی ئێرانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شەحادە باسی لە دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل کرد و گوتی: "لوبنان لە ژێر بۆردووماندا دانوستان دەکات، رێک وەک ئەوەی ئێران دەیکات کە لە ژێر هێرشە سەربازییەکاندا بەردەوامە لە وتووێژ". ئاماژەی بەوەش کرد، نەبیهـ بری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان پشتگیری لە پرۆسەی دانوستانەکان دەکات، بەڵام داوای خشتەیەکی کاتیی روون دەکات بۆ جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێک کە واژۆ دەکرێت.
ئەم لێدوانانەی وەزیرە لوبنانییەکە لە کاتێکدایە، گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر لوبنان زیاد بوون تاوەکو دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی ناوچەکاندا بسەپێنێت و کۆتایی بە هەژموونی چەکداریی دەرەوەی یاسا لە باشووری وڵاتەکە بهێنرێت.