فەرماندەی خاتەمولئەنبیا: هێزەکانمان وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەدەنەوە
عەلی عەبدوڵڵا فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، هۆشداریی دەداتە ئەمریکا و جەخت لەسەر ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی دەکاتەوە. لە پەیامێکیدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەو فەرماندە باڵایانەی کە لە جەنگی 12ـی ئیسرائیل و ئەمریکادا گیانیان بەخت کرد، ئاماژەی بەوە کرد، ناوی شەهیدەکانمان لە مێژووی شکۆی ئێراندا بە گەشی دەمێنێتەوە.
عەلی عەبدوڵڵا رایگەیاند، ئەو جەنگە مێژووییە سەلماندی گەلی ئێران لە ژێر سێبەری رێبەرایەتی و یەکگرتووییدا دەتوانێت بەسەر هەموو جۆرە دەستدرێژییەکدا زاڵ بێت و دوژمنان بە هەڵسەنگاندنە هەڵەکانیان تووشی شکستی ستراتیژی و شەرمەزاری بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا و لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی جەنگی سهپێنراوی سێیەمی ئەمریکا، ئامادەیی بەردەوامی خەڵک لە مەیدانەکاندا بۆ ماوەی زیاتر لە 100 شەو، نیشانەی بەیعەتێکی مێژووییە لەگەڵ مەقامی باڵای ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی، ئەمەش هێزی ئێرانی لە جیهاندا چەسپاوتر کردووە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا بە راشکاوی رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە وشیاریی تەواو و چاودێرییەکی وردی هەواڵگرییەوە، بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵات ئامادەن. دووپاتیشی کردەوە، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، بە ئۆپەراسیۆنێکی، ئازاربەخش و پەشیمانکەرەوە وەڵام دەدرێتەوە.