لاهور شێخ جەنگی: سوڵح ناکەم و دەبێت دادگا دۆسییەکەم یەکلا بکاتەوە
لاهور شێخ جەنگی لە رێگەی تیمی پارێزەرانییەوە رایگەیاند، کە بە هیچ شێوەیەک "سوڵح ناکات" و داوا دەکات دۆسییەکەی بە شێوەیەکی یاسایی و دوور لە دەستوەردانی سیاسی لە دادگاکان یەکلا بکرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ تیمی پارێزەران لە زیندان سەردانی لاهور شێخ جەنگییان کردووە و دۆخی تەندروستی جێگیر و باشە. ئاماژەی بەوەش کرد، ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت هیچ هەنگاوێکی دەرەوەی یاسا بنرێت و پێویستە یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت.
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، لاهور شێخ جەنگی نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لەوەی پێش وەڵامدانەوەی دادگای تەمیز، هەنگاو لە دۆسییەکەی بنرێت، هەر بۆیە داوای کردووە دانیشتنەکانی دادگا بەڕێوە نەچن تا ئەو کاتەی بڕیاری کۆتایی لەسەر داواکارییە یاساییەکان دەردەچێت.
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی جەختیان لە گرنگی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کردەوە و رایانگەیاند، پێویستە رێڕەوی یاسایی دۆسییەکە بەبێ گوشار و دەستوەردانی لایەنی سیاسی بەڕێوە بچێت و دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر کێشەکان بدات.
ئەم پەیامەی لاهور شێخ جەنگی لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی رابردوودا تیمی پارێزەرانی چەندین جار داوای دابینکردنی کەشێکی گونجاو و دادپەروەرانەیان بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکەی کردبوو.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.