ترەمپ ژاپۆنییەکان تووڕە دەکات

بەکارهێنانی وێنە و کارەکتەرە ناودارەکانی ئەنیمێ و مانگای ژاپۆنی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ مەبەستی سیاسی، کاردانەوەی تووندی لە ژاپۆن لێکەوتووەتەوە و تا ئێستا 20000 کەس واژۆیان دژی ئەو کارەی ترەمپ کۆ کردووەتەوە.

لە مانگی ئاداری رابردووەوە، ناڕەزایەتی هەوادارانی ئەنیمێ لە ژاپۆن دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی تێبینییان کرد دۆناڵد ترەمپ لە بڵاوکراوەکانیدا وێنەی کارەکتەرە ناودارەکانی وەک "ناروتۆ، بیکاتشۆ و یو-گی-یۆ" بەکاردەهێنێت و تەنانەت لە هەندێک وێنەدا خۆی وەک ئەو کارەکتەرانە نیشان دەدات.

ناڕەزایەتییەکان لە چوارچێوەی داواکارییەکی ئەلیکترۆنیدا کۆکراونەتەوە کە تێیدا هاتووە، ترەمپ نوێنەرایەتی ئەو بەهایانە ناکات کە ئەو کارەکتەرانە هەیانە و بەکارهێنانیان بۆ کاری سیاسی پێشێلکردنی مافی داهێنەرەکانیانە. یەکێک لەو بڵاوکراوانەی دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، ڤیدیۆیەکی هەژماری فەرمیی کۆشکی سپی بوو لە پلاتفۆرمی "ئێکس"، کە تێیدا دیمەنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەگەڵ دیمەنەکانی ئەنیمێی "یو-گی-یۆ" و "دراگۆن بۆڵ" تێکەڵ کرابوون.

نانا سوزوکی، تەمەن 34 ساڵ کە دانیشتووی پارێزگای کاناگاوانە و دەستپێشخەری داواکارییەکە، بە بی بی سی راگەیاندووە: "ئەمە بێڕێزییە بە کارە هونەرییەکان. داهێنەری زنجیرەی یو-گی-یۆ لە کاتی رزگارکردنی کەسێک لە دەریا گیانی سپارد، بۆیە زۆر ئازاربەخشە کارەکانی بۆ مەبەستی سەربازی و شەڕ بەکاربهێنرێن."

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای "پۆکیمۆن ئینتەرناشناڵ" بە فەرمی بەکارهێنانی وێنەی کارەکتەرەکانی لەلایەن ترەمپەوە سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، کۆشکی سپی هیچ مۆڵەتێکی وەرنەگرتووە. سرافانثی دیف، گوتەبێژی کۆمپانیاکە گوتی: "پەیامی ئێمە کۆکردنەوەی خەڵکە لە رێگەی کاتبەسەربردنەوە، ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە ئەجێندای سیاسییەوە نییە."

سەرەڕای ئەم ناڕەزایەتییانە، هەندێک لە هەواداران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گاڵتەجاڕییەوە دەڕواننە بابەتەکە و پێیان وایە ئەمە دەبێتە هۆی زیاتر ناساندنی ئەنیمێی ژاپۆنی لەسەر ئاستی جیهان و بە "باشترین ریكلامی بێبەرامبەر" ناوی دەبەن.