سی ئێن ئێن: چەندین نهۆم لە نێو پێنتاگۆن بە رووی کارمەندان داخران

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا چەندین نهۆمی ناو باڵاخانەی وەزارەتی جەنگیی وڵاتەکەیان لە ویلایەتی ڤێرجینیا چۆڵ کرد، بەهۆی ڕووداوێکی پێوەست بە بوونی "ماددەی مەترسیدار" و کێشەی کوالیتی هەوا لە ناو باڵاخانەکەدا.

پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە چەندین نهۆمی باڵاخانەی وەزارەتی جەنگیان "پێنتاگۆن" لە ناوچەی ئارلینگتۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا چۆڵ کرد، بەهۆی رووداوێکی نەخوازراوەوە کە پێوەندی بە بوونی "ماددەی مەترسیدار"ەوە هەیە.

فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتنی ئارلینگتۆن، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کە ئێستا لە ناو بارەگای سەرەکیی پێنتاگۆن کار دەکەن، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی تیمی تایبەت بە ماددە مەترسیدارەکانی سەر بە ئاژانسی پاراستنی هێزەکانی پێنتاگۆن.

هاوکات، سێ سەرچاوەی ئاگادار بە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکییان راگەیاندووە، کە چەندین نهۆم و رێڕەو لە ناو باڵاخانەکەدا داخراون و پڕۆسەی چۆڵکردنی بەشەکانی دیکەش بەردەوامە.

جۆن بارنیڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن، سەبارەت بەم بابەتە، بە میدیاکانی رایگەیاند: "سیستەمەکانی ناو باڵەخانەکە کێشەیەکی پێوەست بە کوالیتی هەوایان دەستنیشان کردووە، ئەمەش وای کردووە وەک ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی هەنگاوی پێویست بنێین تا ئەو کاتەی ئاستی مەترسییەکە و هۆکارەکانی بە تەواوی روون دەبنەوە."