موحسین رەزایی: هێرشەکانمان بۆ سەر سێ پێگەی ئۆکرانیا هەڵوەشاندەوە

راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی پەردە لەسەر پشتپەردەی پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن لادەبات و رایدەگەیەنێت کە لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیاندا بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و کشانەوەی هێزەکانی لێکەوتووەتەوە.

دووشەممە 3ی ئابی 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە هۆکارەکانی بەشدارینەکردنی ئیسرائیل لە هێرشەکەدا کرد و روونی کردەوە، ئیسرائیل بەهۆی سەرقاڵبوونی هێزەکانی لە کەرتی غەززە، باشووری لوبنان و کەرتی رۆژئاوا، هیچ توانایەکی سەربازیی ئامادەی نەبوو بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکەدا.

گوتیشی: ترەمپیش دەیەویست هێرشەکە بە بێ ئیسرائیل ئەنجام بدات تا بە دەنگدەرانی ئەمریکی بڵێت بڕیاری شەڕەکە بە دەستی خۆی بووە، جیا لەوەی جیاوازیی سیاسیی قووڵ لە نێوان تەلئەڤیڤ و واشنتندا هەبوو.

موحسین رەزایی ئاماژەی بەوە کرد، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا پلانێکی تەواو کاڵ و ناتەواویان بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز داڕشتبوو، چونکە پێیان وابوو بە 40 بۆ 50 هەزار سەرباز کۆنتڕۆڵ دەکرێت، لە کاتێکدا بۆ ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە پێویستت بە لانی کەم 100 هەزار سەربازە کە بتوانن لە چیاکانی زاگرۆس و ناوچەی فارس ببڕن و بگەنە نزیک ئەسفەهان، بۆیە لێکدانەوەکان تەواو هەڵە بوو.

راوێژکاری سەربازیی موجتەبا خامنەیی باسی لە هێزی مووشەکی و درۆنیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی کۆتایی ململانێکاندا، شەپۆلێکی زۆر ورد و توندی مووشەک و درۆنمان ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا کرد. لە ئەنجامدا، بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت بە تەواوی تێکشکان و بوونە وێرانە و زۆربەی هێزەکانیان لەوێ کشانەوە.

رەزایی ئاشکراشی کرد، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە بنکەکەی لە قەتەر بوو، سەرەتا گوازرایەوە بۆ ئوردن، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە بە توندی هێرشمان کردە سەر ئوردن، فەرماندەی سێنتکۆم لەوێشەوە هەڵات بۆ ناو خاکی ئیسرائیل، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە سەرکردایەتیی مەیدانیی ئەمریکا لە گەرووی هورمز بە تەواوی لێدانی بەرکەوت و دوورخرایەوە.

سەبارەت بە پرسی دانوستانەکان، راوێژکارەکەی خامنەیی رایگەیاند، مەرجی سەرەکیی رێبەری باڵای ئێران گۆڕینی رەفتاری ئەمریکایە؛ پێویستە ئەمریکا پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران بگەڕێنێتەوە، بە فەرمی رایبگەیەنێت کە جەنگ لەگەڵ ئێراندا نییە و دەستوەردان لە ئاسایشی گەروو هورمز نەکات، چونکە تاران بە بەرپرسیارێتییەوە پارێزگاری لە ئاسایشی کەشتیڕانیی جیهانی دەکات.

گوتیشی: لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم مەرجانەدا، تاران هەنگاوەکە وەک نیشانەیەک بۆ گۆڕینی ڕەفتاری واشنتن وەردەگرێت و دەرگای گفتوگۆ دەکرێتەوە.

موحسین رەزایی، جەختی لەسەر هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی لەسەر گەرووی هورمز کردەوە و رایگەیاند: "ئێمە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین هیچ ڕێڕەوێکی تر جگە لە رێڕەوی دیاریکراوی ئێران لە گەرووەکە بکرێتەوە." رەزایی هۆشداریی توندی ئاراستەی بەرپرسانی ئەمریکا کرد و گوتی: "تەنانەت ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەشتییەکی جەنگیی خۆی بهێنێتە ناو رێڕەوە نایاساییەکە، ئێمە هێرشی دەکەینە سەر و دەیکەینە ئامانج."

لە تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، ئەم بەرپرسە باڵایەی تاران ئاشکرای کرد، هێزەکانیان ئامادەکاریی تەواویان کردبوو بۆ وەشاندنی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر سێ پێگەی ستراتیژی لە ناو خاکی ئۆکرانیادا، بەڵام "پاش ئەوەی حکوومەتی ئۆکرانیا بە فەرمی داوای لێبوردنی پێشکەش کرد، ئێمەش هێرشەکانمان هەڵوەشاندەوە."

هاوکات، رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات، سەرکردەکانی تاران لەو بڕوایەدان هەڕەشە سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەنیا بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی دانوستانکاری واشنتنە لە گفتوگۆکاندا، نەک بۆ بەرپاکردنی جەنگێکی بەرفراوان یان سازکردنی پێکدادانی راستەقینە لە ناوچەکەدا.