یاریزانانی هەولێر هەڕەشەی بایکۆتی مەشقەکان دەکەن
یانەی هەولێر کەوتووەتە دۆخێکی ناجێگیری دارایی و هێشتا وەرزی نوێ دەستی پێ نەکردووە کەچی یاریزانەکان هەڕەشەی بایکۆتی مەشقەکان دەکەن.
یانەی هەولێر بە راهێنەرایەتی لوئەی سەڵاح و هەڵگورد مەلامحەمەدی یاریدەدەری، بەردەوامیان بە راهێنانەکان دا، سەرەڕای ئەوەش یاریزانەکان هەڕەشەی بایکۆتی مەشقەکان دەکەن ئەگەر لە چەند کاتژمێری داهاتوو بەشی یەکەمی شایستە داراییەکانیان وەرنەگرن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەولێر گرێبەستی لەگەڵ چەندان یاریزانی پیشەگەر و نێوخۆ کردووە و تا ئێستا نەیتوانیوە پارەی پێشەکی یاریزانەکان بدات، لە کاتێکدا بەڵێن بە یاریزانەکان درابوو لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بەشی یەکەمی شایستەداراییەکان بە یاریزانەکان بدەن، بەڵام 20 رۆژ بەسەر ئەو بەڵێنە تێپەڕیوە و جگە لە دوو یاریزان نەبێت سەرجەم یاریزانەکانی دیکە پارەی گرێبەستەکانیان وەرنەگرتووە.
یانەی هەولێر لە مێرکاتۆی هاوینە، گرێبەستی 10 یاریزانی وەرزی رابردووی نوێ کردووەتەوە، دەستبەرداری 15یاریزان بووە، لە بەرامبەردا 13 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە و وەرزی داهاتوو کێبڕکێ لەسەر چوار ناسناو دەکات و بەشداریی لە چامپیۆنزلیگی کەنداو، سووپەری عێراق، خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی عێراق دەکات.