وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: پارە بلۆککراوەکانی ئێران چارەنووسێکی باشیان نییە

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "ئێران یارییەکە دەدۆڕێنێت و هەر زیانێکیش بە هاوپەیمانیەکانی ئەمریکا بگەیەنێت، لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران قەرەبوو دەکرێنەوە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لە بارەی دۆخی ئێران بڵاو کردووەتەوە و وەک فشار و هۆشدارییەک بۆ سەر تاران، ئاماژەی بە چارەنووسی پارە بلۆککراوەکانی ئێران و چارەنووسی ئەو سەرمایە کردووە و نووسیوتی: "ئێران ئەم یاریەی دەستیپێکردووە و دەدۆڕێنیت".

هەروەها هۆشداری بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانداوە، ئەگەر هەر زیانێک بە وڵاتانی هاوپەیمانیی ئەمریکا بگەیەنێت لە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی لە کەنداو، ئەوا لەسەر پارە بلۆککراوەکانی ئێران قەرەبووی زیانی هاوپەیمانەکانیان دەکەنەوە.

سکۆت بێسێنت ئاماژەی بەوە کردووە، لە چوارچێوەی سەندنی سەرانە بەرامبەر بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، ئەوا دیسان ئەمریکا لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران کەمی دەکاتەوە و قەرەبووی لایەنە زیانمەندبووەکانی پێدەکاتەوە.

جەختیشیکردووە، ئێران هەر کارێک بکات، ئەنجامەکەی بە خراپ بۆ ئابووری و دارایی ئێران دەشکێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان تا ئێستا نزیکەی 40 ملیار دۆلار لە سەرمایەی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەکان، بلۆک کراوە، هەروەها تاران یەكێک لە مەرجەکانی رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانێتی.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی دەستبردنی بۆ پارە بلۆککراوەکانی ئێران کردبوو، کە بۆ قەرەبووی زیانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بە وڵاتانی کەنداوی بدات.