ناتانیاهۆ: لەگەڵ ترەمپ ناهێڵین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند هەماهەنگییەکی تەواو لە نێوان ئەو و دۆناڵد ترەمپدا هەیە بۆ رێگری لە ئێران بۆ بوون بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران هۆشداری توند دەداتە هێزە بیانییەکان لە گەرووی هورمز.
هەینی 12ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی تارانی کرد، رایگەیاند: "تا من سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بم، ئێران نابێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. رێککەوتنێکی تەواو لە نێوان من و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە هەیە.
ناتەنیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ماوەی 30 ساڵە لە سەنگەری پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندایە و رێگری لەوە دەکات کە تاران چەکی ئەتۆمی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل بەکاربهێنێت؛ گوتیشی: ئەگەر ئەم کەمپین و هەوڵانە نەبووایە، ئێران دەمێک بوو خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوو.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوەش کرد، ئێران کار بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی جووەکان دەکات، منیش ژیانی خۆم تەرخان دەکەم بۆ رێگریکردن لەوەی پەیڕەوی ئەم خواستەیان بکەن.
دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئێران، لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: " لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئێران رێکدەکەوین و جەی دی ڤانس رێککەوتنەکە واژۆ دەکات.
هەروەها ئاماژەی داوە، کە لەبارەی رێککەوتنەکە لەگەڵ چەندین سەرکردەی وڵاتان قسەی کردووە و هەرکات رێککەوتن واژۆ کرا گەرووی هورمز دەکرێتەوە.
ئاماژەشی دابوو، هەموو سەرکردەکانی ئێران بە رێککەوتنەکە دڵخۆشن و پێم وایە رێبەری باڵای وڵاتەکەش رێککەوتنەکە پەسەند دەکات.