ترەمپ: بەرپرسانی تاران بێ وەفان
ترەمپ: مەرجە دزەپێکراوەکانی ئێران بۆ رێککەوتنەکە دوورن لە راستی
سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی هێرشی کردە سەر سەرکردایەتی ئێران و رایگەیاند، ئەو مەرجانەی تاران دەربارەی رێککەوتنەکە بڵاوی کردوونەتەوە "دوورن لە راستی". ئاشکراشی کرد کە شەوی رابردوو ئێران هێرشێکی درۆنی کردووەتە سەر کەشتییە هیندییەکان لە گەرووی هورمز، بەڵام هێرشەکە تێکشکێنراوە.
هەینی 12ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، ئەو مەرجانەی ئێران بۆ "میدیا ساختەکان" دزەی پێکردوون، هیچ پەیوەندییەکیان بەو مەرجانەوە نییە کە بە شێوەی نووسراو لەسەری رێککەوتووین. ترەمپ گوتی: "ئەو قسانەی کردوویانە، لەگەڵ لێدوانە بێهێز و شەرمنانەکانیان دەربارەی هەبوونی رێککەوتن، راست نین."
ترەمپ وەسفی بەرپرسانی ئێرانی کرد بەوەی کە "کەسانێکی زۆر بێوەفان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵدا" و جەختی کردەوە کە "لەگەڵ ئەواندا شتێک نییە بە ناوی مامەڵەکردن بە نیازپاکی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ رایگەیاند: "هێرشە درۆنییەکەی شەوی رابردوویان بۆ سەر کەشتییە هیندییەکان لە کاتی چوونەدەریان لە گەرووی هورمز، کە بە تەواوی بەرپەرچ درایەوە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "پێویستە بە خێرایی رەفتارەکانیان رێک بخەنەوە
ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەمڕۆ هەینی، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران، وردەکاریی 14 خاڵی رەشنووسی لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ بڵاوکردەوە.