بەقایی و عێراقچی وەڵامی ترەمپ دەدەنەوە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا رایگەیاند، سروشتییە لە هەر پرۆسەیەکی دیپلۆماسیدا هەر لایەنێک گێڕانەوەی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵام تاران هەوڵ دەدات گێڕانەوەکانی لەسەر بنەمای راستی بن.

هەینی 12ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، لە سەرەتای دانوستانەکانەوە بە ناوەندگیری پاکستان، ئێران هێڵە سوورەکانی خۆی بە روونی راگەیاندووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، شتێکی ئاساییە هەر لایەنێک لە پرسە دئپلۆماسییەکاندا گێڕانەوەی تایبەتی هەبێت، بەڵام گرنگە گێڕانەوەکان لە سەر بنەمای راستی بن نەک پڕوپاگەندە. 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، تویتێکی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، "لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" لە هەموو کاتێک نزیکترە لە واژۆکردن، عێراقچی داوای لە میدیاکان کرد کە لە گومان و لێکدانەوەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە دوور بکەونەوە پێش ئەوەی کۆتایی بێت.

بەڵام شێوازی وەڵامدانەوەی عێراقچی گومانی دروست کردووە، چونکە بە شێوەیەکی راشکاوانە ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپی رەتنەکردەوە کە گوتبووی مەرجە بڵاوکراوەکان ساختەن و ئێران بە نهێنی داوای لێبووردنی کردووە، هاوکات ترەمپ دەستبەجێ تویتەکەی عێراقچی بڵاوکردەوە و وەک بەڵگەیەک بۆ راستی قسەکانی خۆی بەکاریهێنا.

چاودێران پێیان وایە ئەم هەڵوێستە ناڕوونەی وەزیری دەرەوەی ئێران وەک جۆرێک لە پاشەکشە یان هەماهەنگی لەگەڵ گێڕانەوەکانی ترەمپ دەردەکەوێت، لە کاتێکدا پێویست بوو بە روونی وەڵامی تۆمەتەکان بداتەوە بۆ پاراستنی شەفافیەت بەرامبەر رای گشتی وڵاتەکەی.