عێراقچی: تێچووی خزمەتگوزاری لە کەشتییەکان وەردەگیرێت
عێراقچی: پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان لە ناوخۆی ئێران دەمێننەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، پرسی لادانی گەمارۆی دەریایی و کردنەوەی گەرووی هورمز یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی "یاداشتی لێکتێگەیشتن"ی ئێستا. ئەو هۆشداری دا ئیسرائیل دژی ئەم رێککەوتنەیە و جەختی کردەوە کە ئێران لەژێر فشار و زۆرداری ترەمپدا تەسلیم نابێت.
هەینی 12ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا دەربارەی رەوتی دانوستانەکان رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە دوژمنی هەیە و لە سەرووی هەموویانەوە ئیسرائیل کە هەوڵی تێکدانی دەدات." عێراقچی داوای لە ناوخۆی ئێران کرد ئارام بگرن و "هیچ دەقێکی رێککەوتن کە تا ئێستا بڵاوکراوەتەوە، فەرمی و جێگەی بڕوا نییە."
وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشی کردە سەر شێوازی راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ و گوتی: "ترەمپ هەرچییەکی دڵیی بخوازێت لە زمانی کەسانی دیکەوە تویت دەکات؛ ئەگەر بڕیار ببووایە ئێمە ئەو مەرجانەی ئەوان دەڵێن قبووڵ بکەین، هەر لە مێژەوە قبووڵمان دەکرد." عێراقچی جەختی کردەوە کە "پێویستە هەڕەشەکان بوەستێنرێن و بە زمانی رێزەوە قسە لەگەڵ گەلی ئێران بکرێت."
عێراقچی سەرنجی خستە سەر یەکگرتوویی هێزە سەربازییەکان و دیپلۆماسی و گوتی: "ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە هەندێک بڵێن سوپا و دیپلۆماسی دوو رێگەی جیاوازن؛ ئەمانە پێکەوەن. گەرووی هورمز کەرەستەی بەرپەرچدانەوەی ئێمەیە و نیشانمان داوە کە کەس ناتوانێت سەر بە سەر ئێراندا بکێشێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا، "ئەگەر دوژمن بیەوێت بەرەو شەڕ بڕوات، ئێمە ئامادەین. هیچ شەوێک نەبووە دوژمن دەستدرێژی بکات و وەڵامی توندی لە هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە وەرنەگرتبێت." سەبارەت بە متمانەش گوتی: "لایەنی بەرامبەر پابەندی بەڵێنی خۆیان نین، بۆیە ئەگەر مەرجەکانی یاداشتنامەکە جێبەجێ نەکرێن، هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی واژۆ ناکرێت و ناچینە قۆناخی دووەمەوە."
عێراقچی دووپاتی کردەوە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆش نابێت و تەنیا لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە ئامادەی رێککەوتنە.
عێراقچی رایگەیاند کە گەرووی هورمز بە تەواوی لەژێر سەروەری ئێران و عوماندایە و "هیچ ێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمزدا بوونی نییە. بۆ چەندین ساڵ خزمەتگوزارییەکانمان تێیدا بەخۆڕایی بووە، بەڵام لەمەودوا بەڕێوەبردنی گەرووەکە وەک رابردوو نابێت و تێچووی خزمەتگوزارییەکان لە کەشتییەکان وەردەگیرێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە بەمزووانە ئێران و عومان بەیاننامەیەکی هاوبەش دەربارەی شێوازی نوێی بەڕێوەبردنی گەرووەکە بڵاودەکەنەوە.
ئاشکراشی کرد، بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز، ئێران راوێژ لەگەڵ "چین و عومان" دەکات. دووبارەی کردەوە کە "باج" وەرناگرن چونکە یاسای نێودەوڵەتی رێگەی نادات، بەڵام "تێچووی خزمەتگوزارییەکان" لە هەموو کەشتییەکان وەردەگرن.
بە پێچەوانەی لێدوانەکانی بەرپرسانی واشنتن کە گوتبوویان ماددە ئەتۆمییەکان وەردەگرن، عێراقچی گوتی: "هەڵوێستی ئێمە دەربارەی ماددە پیتێنراوەکان ئەوەیە کە ئەگەر بڕیار بێت چارەنووسیان یەکلا بکرێتەوە، تەنیا شێوازی روونکردنەوە لە ناوخۆی ئێراندا قبوڵکراوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی جەی دی ڤانسی دایەوە و ئاماژەی دا، "دوای کۆتاییهاتنی یاداشتنامەکە، هەموان بە چاوی خۆیان دەبینن کە پارە بلۆککراوەکان ئازاد دەکرێن. هەروەها پلانێکی ئاوەدانکردنەوە دانراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر ئێران کەوتوون." عێراقچی هۆشداری دا ئەگەر ئەمریکا داوای قەرەبوو لە ئێران بکات، وەڵامی توندیان دەبێت.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکەم خاڵی رێککەوتنەکە لادانی گەمارۆی دەریاییە؛ "ئەگەر لە ماوەی 60 رۆژدا نەگەینە رێککەوتنی کۆتایی بەڵام هەردوولا رازی بن، رەنگە کاتەکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر دوژمن بەڵێنەکانی نەباتە سەر، ناچینە قۆناخی دووەمەوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران بە زمانێکی هەڕەشەئامێز گوتی: "شمشێری ئێمە تاهەتایە لەسەر گەرووی هورمز دەمێنێتەوە و هەر کاتێک پێویست بکات، هێزە چەکدارەکانمان دەستوەردان دەکەن."
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کەمتر لە دوو لاپەڕەیە، بەڵام وشە بە وشەی چەندین جار پێداچوونەوەی بۆ کراوە و وەزارەتی دەرەوە بەوپەڕی وردییەوە هەموو داواکارییەکانی تارانی تێدا جێگیر کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی سەرپەرشتی تەواوی دانوستانەکان دەکات و بڕیاری کۆتایی دەدات.
عێراقچی باسی لەوەش کرد، کە لە قۆناخی دووەمدا باس لە سێ تەوەر دەکرێت، ئەوانیش، لادانی سزاکان، بە شێوەیەکی گشتگیر، چارەنووسی ماددە ئەتۆمییەکان و سندووقی ئاوەدانکردنەوە.
عێراقچی گوتیشی: ئەم رێککەوتنە "دەستکەوتەکانی مەیدان جێگیر دەکات" و لە بەرژەوەندی نیشتمانی ئێراندایە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت و "ئەگەر قۆناخی کۆتایی جێبەجێ بکرێت، لێکتێگەیشتنەکە بە شێوەی دیجیتاڵی و لە دوورەوە لەلایەن هەردوولاوە واژۆ دەکرێت و ڕادەگەیەنرێت." عێراقچی داوای لە میدیاکان کرد کە "کەشەکە تێک نەدەن" و رێگە بدەن پڕۆسەکە بە هێمنی بەڕێوە بچێت.
عێراقچی دەربارەی مشتومڕەکانی ناوخۆی تاران گوتی: "لە ناو ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدا، هەم لایەنگر و هەم دژبەری رەشنووسی رێککەوتنەکە هەن، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارەکە بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ دەدرێت و کاتێک بڕیارەکە درا، بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە مێژووی ململانێکان کرد و ڕایگەیاند کە دوژمن پێش شەڕ ویستی لە رێگەی دانوستانەوە ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵام بەهۆی خۆڕاگری ئێرانەوە بێهیوا بوون و شەڕیان دەستپێکرد. گوتیشی: "تەنانەت لە کاتی شەڕیشدا تێگەیشتن کە ناگەنە ئامانجەکانیان و جارێکی دیکە بێهیوا بوونەوە، هەر بۆیە خۆیان داوای دانوستانیان کرد."
عێراقچی ڕایگەیاند کە ئێران لە یەک ساڵدا دوو شەڕی سەختی تێپەڕاندووە و گوتی: "دوژمن وا تێگەیشت کە ئەمجارە دەتوانێت کارەکە تەواو بکات، بەڵام ڕووبەڕووی خۆڕاگرییەکی بێوێنەی گەل و هێزە چەکدارەکانمان بووەوە. ئێمە بەڕاستی براوەی مەیدانین و ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە شەڕ ئەم سەرکەوتنە دەچەسپێنێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی توندی ئاراستەی دەرەوە کرد و گوتی: "هەرگیز حزبوڵای لوبنان بە تەنیا جێناهێڵین؛ کۆتاییهێنان بە شەڕ، لوبنان و هەموو بەرەکانی دیکەش دەگرێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم ڕێککەوتنەدا، ئەمریکا بە فەرمی و بە نووسراو بەڵێن دەدات کە ڕێز لە سەروەری خاکی ئێران بگرێت.
عێراقچی وردەکارییەکی گرنگی ئاشکرا کرد و گوتی: "ڕێککەوتنەکە لە دوو قۆناخ پێکدێت؛ پرسی ئەتۆمیمان بۆ قۆناخی دووەم گواستووەتەوە، بەڵام بابەتەکانی وەک لادانی سزاکان، ئاوەدانکردنەوە و پارە بلۆککراوەکان لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتوون." بەڵێنیشی دا کە هەر کاتێک ڕێککەوتنەکە کۆتایی هات، بەند بە بەند بۆ گەلی ئێرانی ڕوون بکاتەوە.