راپۆرتێکی ئەمریکی گومان دەخاتە سەر رێککەوتنی ترەمپ لەگەڵ ئێران

ئاژانسی "سی ئێن ئێن" گومان دەخاتە سەر راستی و وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی ترەمپ لەگەڵ تاران رایگەیاندووە و دەڵێت: "دۆخەکە لەوە ئاڵۆزترە کە باس دەکرێت."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ گەیشتووەتە رێککەوتنێکی گەورە لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و رێگریکردن لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. بەڵام راپۆرتێکی تۆڕی (CNN) ئاماژە بەوە دەکات، ئەم بانگەشانە رووبەڕووی گومانێکی زۆر بوونەتەوە و رەنگە تەنیا هەوڵێکی پڕوپاگەندەیی بن.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، جیهان لە رۆژی پێنجشەممەدا لە نێوان دوو ئەگەری دژبەیەکدا بوو؛ بەیانییەکەی ترەمپ هەڕەشەی بۆردومانکردنی بنکە نەوتییەکانی ئێرانی دەکرد لە دوورگەی خارک، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک رایگەیاند، رێککەوتنێکی مێژوویی واژۆ کراوە. ئەم وەرچەرخانە خێرایە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ رزگاربوونی ترەمپ لەو جەنگەی کە بڕیار بوو تەنیا چەند هەفتەیەک بخایەنێت، بەڵام تا هاوین درێژەی کێشا و زیانی بە پێگەی سیاسی ناوخۆیی گەیاند.

راپۆرتەکە دەڵێت؛ ترەمپ رووبەڕووی رەخنەی توند دەبێتەوە، چونکە ئەو لە ساڵی 2018 رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئۆبامای دڕاند کە زۆر لەمەی ئێستا توندتر و وردتر بوو. ئێستا پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەو جەنگەی ترەمپ دەستی پێکرد و زیانی ملیۆنان دۆلاری بە ئەمریکا گەیاند و ئابووریی جیهانی شێواند، ئەمریکای گەیاندە دۆخێکی ئارامتر؟

هەرچەندە ئیسرائیل راستەوخۆ رەخنەی لە ترەمپ نەگرتووە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن تاران و واشنتن لەسەر پرسە گرنگەکانی وەک (لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، تێکدانی ژێرخانی ئەتۆمی، و کۆتاییهێنان بە پاڵپشتی میلیشیاکان وەک حزبوڵڵا) نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمارییەکان لە ناوخۆی ئەمریکا بە گومانەوە دەڕواننە هەر سازشێکی دارایی بۆ ئێران، بەتایبەت ئەگەر ترەمپ رەزامەندی بدات لەسەر ئازادکردنی ملیارەها دۆلاری بلۆککراوی ئێران.

سی ئێن ئێن جەخت دەکاتەوە کە گرنگ نییە ترەمپ چی دەڵێت؛ بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئایا ئێران پابەندی واژۆکانی دەبێت یان نا؟ لە رۆژانی داهاتوودا وردەکارییەکان بڵاودەبنەوە، دەردەکەوێت ئایا ئەمە "رێککەوتنێکی گەورەیە یان تەنیا گەڕانەوەی کاتژمێرەکەیە بۆ خاڵی سفر".