سێنتکۆم: لە گەرووی هورمز رێگریمان لە هێرشێکی ئێران کرد
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان چەند درۆنێکی ئێرانییان لە گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە کە کەشتییە بازرگانییەکانیان لە گەرووی هورمز کردبووە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە: "ئێران درۆنی هێرشبەری بە مەبەستی لێدانی ئەو کەشتییە بازرگانییانە رەوانە کردووە کە بە ناو گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین." هەروەها سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا بە کراوەیی ماوەتەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوێنێ هەینی رایگەیاند، هێشتا بە فەرمی یاداشتی لێکگەیشتن واژۆ نەکراوە و ئەگەری گۆڕانکاری تێدایە، بەڵام جەختی کردەوە گەیشتن بە رێککەوتن لە هەموو کاتێک نزیکترە.
خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنە بریتییە لە؛ راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان، کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوخۆی ئێراندا خەستکردنەوەکەی کەمدەکرێتەوە هەروەها پرسی ئەتۆمی بە تەواوی دەخرێتە قۆناخەکانی دواتری گفتوگۆ.
لە لایەکی دیکەوە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، دەقێکی کۆتایی و رێککەوتوو بۆ رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان تاران و واشنتن ئامادە کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی لە نزیکەوە لەگەڵ هەردوولا کار دەکات بۆ تەواوکردنی هەنگاوەکانی کۆتایی.
دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X)، پۆستێکی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو گەیشتن بە رێککەوتن زۆر نزیک بووەتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی جۆرێک لە لێکگەیشتن لە پشت پەردەکانەوە دەبینرێت.