ئەکسیۆس: ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە

ئاژانسی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە وڵاتی فەرەنسا لووتکەیەک لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ یەکلاکردنەوەی رێککەوتنە گەورەکەی ناوچەکە.

شەممە 13ـی حوزەیرانی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی "ئەکسیۆس"ی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕیاری داوە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بەشداریی لووتکەی G7 لە وڵاتی فەرەنسا بکات.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی داوە، لە پەراوێزی لووتکەکە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم بەرپرسە، ترەمپ لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە.

هاوکات ئەو پێگە ئەمریکییە ئاماژەی داوە، رەنگە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەشداریی لووتکەکە نەکات.

هاوکات کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئەلیزێ) پشتڕاستی کردەوە, بە بۆنەی 250ەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە کۆشکی مێژوویی "ڤێرسای" پێشوازی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات. ئەم دیدارە لە شوێنێکی سیمبولی دەبێت کە پەیماننامەی سەربەخۆیی ئەمریکای تێدا واژۆ کراوە.

ئەلیزێ ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤێرسای "شوێنێکی باڵای دۆستایەتی فەرەنسا و ئەمریکایە"، چونکە لە ساڵی 1783دا پەیماننامەی دانپێدانان بە سەربەخۆیی ئەمریکا هەر لەوێ واژۆ کراوە.

دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی دووشەممە دەگاتە شاری "ئێڤیان" لە فەرەنسا بۆ بەشداری لە لووتکەی وڵاتانی (G7)، کە لووتکەکە سێ ڕۆژ دەخایەنێت. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانی G7، شەوی چوارشەممە ترەمپ بەرەو پاریس بەڕێ دەکەوێت بۆ بەشداریکردن لەو نانی ئێوارە تایبەتەی کە ماکرۆن بۆی سازی کردووە.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییە چڕەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە واشنتن و تاران لە واژۆکردنی "رێککەوتنی ئیسلام ئاباد" نزیک بوونەتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لەم لوتکەیەدا، ترەمپ سەرکردە کاریگەرەکانی ناوچەکە لە وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە و گەرەنتییەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە ئاگادار بکاتەوە، دوای ئەوەی پێشتر ئاماژە بەوە کرابوو کە ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیش بەشێکن لەم تێگەیشتنە گشتگیرە.