پزیشکیان: یەکگرتوویی گەل دوژمنی ناچار بە ئاگربەست کرد

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی "جەنگی 12 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل" رایگەیاند،  ئەو جەنگە جارێکی دیکە یەکگرتوویی و راوەستانی گەلی ئێرانی سەلماند. 

شەممە 13ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە ساڵیادی جەنگی 12 رۆژەی وڵاتەی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل گوتی،" حکوومەت لە سەختترین بارودۆخیشدا بۆ ساتێکیش لە بەدواداچوونی کێشەکانی خەڵک بێئاگا نەبووە، هاوکات یەکگرتوویی و گەلەکەمان جارێکی دیکە دوژمنی ناچار بە رێککەوتن کرد".

پزیشکیان رێزی لە یادی شەهیدانی ئەو جەنگە گرت و جەختی کردەوە، دوژمنان سەرەڕای کوشتنی فەرماندەکان و زانایانی ئەتۆمی و هێرشکردنە سەر ژێرخانەکان و ناوچە نیشتەجێبووەکان، لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا شکستی هێنا.

سەرۆک کۆماری ئێران باسی لەوەش کرد، گەلی ئێران بە یەکگرتوویی و خۆڕاگری، دوژمنیان ناچار کرد ئاگربەست قبوڵ بکات، هاوکات گوتیشی،" سەرمایەی هەمیشەیی وڵات، هاوپەیوەندیی خەڵک و ئومێد بە داهاتوویەکی روونە".

ئەم قسانەی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە،  ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پڕۆسەی گەیشتن بەم یاداشتنامەیە نزیکەی دوو مانگی خایاندووە بە ناوبژیوانی پاکستان. گوتیشی: "لەم قۆناخەدا تەنیا جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ کراوەتەوە، لەوانە بەرەی لوبنان. بڕیاردراوە لەم یاداشتنامەیەدا باسی دۆسیەی ئەتۆمی نەکرێت و گفتوگۆ دەربارەی وردەکارییەکانی ئەتۆم بۆ ماوەیەکی 60 رۆژەی دوای یاداشتنامەکە دواخراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دووپاتی کردەوە، گەرووی هورمز لە چوارچێوەی ئاوە نیشتمانییەکانی ئێران و عوماندایە و "ئەزموونی چەند مانگی رابردوو نیشانی دا کە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم رێڕەوەیان بۆ هەڕەشە لە ئێران بەکارهێناوە، بۆیە ئێران مافی خۆیەتی رێکاری پێویست بگرێتە بەر." ئاشکراشی کرد لەمەودوا تێچووی خزمەتگوزارییەکان لەو کەشتیانە وەردەگیرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.

بەقایی هێرشی کردە سەر هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و گوتی: "ئەوان دەیان جار گوتوویانە ئەمڕۆ یان سبەی رێککەوتن دەکرێت، ئەمە بەشێکە لە جەنگی دەروونییان. ئێمە بەهۆی پابەند نەبوونیان ئەمریکا بە بەڵێنەکانی پێشوویان، هەر هەنگاوێک بە وریاییەکی زۆرەوە دەنێین." ئاماژەشی دا، "ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، ئێران مافی وەڵامدانەوەی هاوشێوەی دەبێت."

هەروەها ئاماژەی بەو زیانانە کرد کە لە کاتی جەنگدا بەر ئێران کەوتوون، لەوانە هێرش بۆ سەر شاری "لامەرد" کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی 140 هاووڵاتی بێتاوان، هەروەها تێکدانی کۆگاکانی ئاوی خواردنەوە لە "سیریک". گوتیشی: "ئەمە تاوانی جەنگن و وەزارەتی دەرەوە سەرقاڵی بەدۆکیۆمێنتکردنیانە بۆ رێکارە یاساییەکان."

بەقایی جەختی کردەوە ئێران لەگەڵ هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێی دوژمنایەتی نییە، بەڵام رەخنەی لێگرتن کە رێگەیان داوە واشنتن و ئیسرائیل خاک و بنکەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن. داواشی کرد کە تەنیا رێگە بۆ ئاسایشی ناوچەکە، چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان و دروستکردنی سیستەمێکی ئەمنی بەکۆمەڵە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.

هاوکات باسی لەوەش کرد، کە "رێککەوتنی ئیسلام ئاباد" رێککەوتنی کۆتایی نییە، بەڵکوو تەنیا چوارچێوەیەکی گشتییە بۆ دیاریکردنی هێڵەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ و واشنتنیش دەبێت ئەوە بزانێت کە ئێران تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بڕیار دەدات.

لە لایەکی دیکەوە،  شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە هەموو کاتێک زیاتر لە رێککەوتنی ئاشتی نزیکین، پێشبینی دەکرێت لە 24 کاتژمێری داهاتوودا کارەکان کۆتاییان پێ بێت."

سەرۆکوەزیرانی پاکستان روونیشی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ واژۆکردنی ئەلیکترۆنیی رێککەوتنی ئاشتی راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی کارەکان، هەروەها دوابەدوای ئەوەش هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر ئاستی تەکنیکی دەست پێ دەکات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا شەهباز شەریف ئەوەشی خستەروو، سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن بۆ پابەندبوونی بەردەوامیان لە کاتی دانوستانەکاندا.

 هەروەها پێزانینی دڵسۆزانەی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد بۆ پاڵپشتییەکانیان و گەشبینیی خۆیشی دەربڕی بەوەی ئەم رێککەوتنە مێژووییە دەبێتە بناغەیەکی بەهێز بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.