دەربارەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران چی دەزانیت؟

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند، لە گەیشتن بە رێککەوتنێک نزیکن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی زیاتر لە سێ مانگە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری جیهان هەبووە.

شەممە 13ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی گوتی، رێککەوتنەکە "لە هەموو کاتێک نزیکترە"، دۆناڵد ترەمپیش ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە مەراسیمی واژۆکردنەکە لەم پشووەی کۆتایی هەفتەیەدا بێت.

گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان:

1- راگرتنی جەنگ و گەمارۆ : ئێران گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا دەکاتەوە و ئەمریکاش گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی لادەبات.
2- گفتوگۆی ئەتۆمی : ئێران و ئەمریکا بۆ ماوەی 60 رۆژ دەست بە گفتوگۆ دەکەن دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکە، هاوکات لەو ماوەیەدا جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان، رادەگیرێت.
3- قۆناغی دووەم : دوای ئەو 60 رۆژە، باس لە لابردنی سزاکانی سەر نەوت و بانکەکان دەکرێت بەرامبەر بە سازشی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە.

 

دواین پێکدادانەکان پێش رێککەوتن:
ئەمریکا لەم رۆژانەدا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئێران. پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی: "ئەگەر پێویست بکات بە بۆمب گفتوگۆ بکەین، ئەوا بە بۆمب گفتوگۆ دەکەین، ئێمە لەوەدا زۆر کارامەین"، ئەم هێرشانە وەک فشارێک بوون بۆ سەر تاران تا مەرجەکانی ترەمپ قبوڵ بکات.

چوار تەوەری سەرەکی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی:

راگرتنی درێژخایەنی پیتاندنی یۆرانیۆم : ئەمریکا داوای 20 ساڵ دەکات و ئێران پێشنیازی 10 ساڵی کردووە، پێشبینی دەکرێت لەسەر 15 ساڵ رێکبکەون.
کەمکردنەوەی کۆگای یۆرانیۆم : ئێران 11 تۆن یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە، ئەمریکا دەیەوێت هەمووی بپوکێنرێتەوە یان رادەست بکرێت.
هەڵوەشاندنەوەی بنکە ئەتۆمییەکان : ئەمریکا داوای داخستنی بنکەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان دەکات.
پشکنینی لەناکاو : ئەمریکا دەیەوێت پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان رێگەیان پێبدرێت لە هەر کات و شوێنێکدا پشکنین بکەن، تەنانەت لە بنکە سەربازییەکانی سوپای پاسدارانیش.
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوە کردووە، گەرووی هورمز دەکەنەوە، بەڵام وەک پێش جەنگی لێ نایەت و تاران کۆنترۆڵی خۆی دەهێڵێتەوە و لە داهاتوودا "تێچووی خزمەتگوزاری" لە کەشتییەکان وەردەگرێت، ئەمەش خاڵێکە کە رەنگە کێشە بۆ رێککەوتنەکە دروست بکات.

 

لە دوایین لێدوانەکانیشیاندا هەردوولایەنی ئەمریکی و ئێرانی نەرمیان نیشان داوە بۆ ئەوەی سبەی یەکشەممە واژۆ لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بکەن، هاوکات ئەم یاداشتە بکەن بە دەروازەیەک بۆ دەرچوون لەو گێژاوەی تێیکەتوون. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بڕیارە سبەی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران واژۆ بکرێت. ترەمپ پەیامێکی ئاراستەی جیهان کرد و گوتی: "رێککەوتنەکەی من بۆ رێگرییە لە چەکی ئەتۆمی؛ ئێران چیتر چەکی ئەتۆمی ناوێت و ناشیبێت، چ لە رێگەی پەرەپێدانەوە بێت یان کڕین یان هەر رێگەیەکی دیکە."

ترەمپ راشیگەیاند، "لە کاتی گونجاودا و کاتێک هەموو شتێک ئارام دەبێتەوە، دەچینە ناو ئێران و لە رێگەی فڕۆکە جەنگییە (B2)ـەکان و فڕۆکەوانە لێهاتووەکانمانەوە، یۆرانیۆمی پیتێنراو کە لە قووڵایی چیا سەختەکان حەشار دراوە، دەریدەهێنین و تێکی دەشکێنین، چ لەناو ئێران بێت یان لە ئەمریکا."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، دەستبەجێ دوای واژۆکردنەکە، گەرووی هورمز بە رووی هەموو کەشتییەکدا دەکرێتەوە. هەروەها گوتیشی: ئەم رێککەوتنە هیچ ئاڵوگۆڕێکی پارەی تێدا نییە، بە پێچەوانەی رێککەوتنەکەی باراک ئۆباما کە سەدان ملیار دۆلار و بڕی 1.7 ملیار دۆلاری نەختی دایە تاران؛ 

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، "ئێستا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران زۆر جیاواز و باشترە لە ئیدارەکانی پێشوو."

سەرۆکی ئەمریکا هیوای خواست ئەم پڕۆسەیە بە ئاسانی و بە بێ کێشە بەڕێوە بچێت، بەڵام هۆشدارییەکی توندیشی دا و گوتی: "ئەگەر رێککەوتنەکە وەک پێویست نەڕوات، ئێمە بژاردەی کۆتایی و یەکلاکەرەوەمان هەیە، کە هیوادارم هەرگیز ناچار نەبین بەکاری بهێنینەوە."

 

بەقایی: رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا یاداشتەکە لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکرێت

هەر ئەمڕۆ شەممە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: "لەم قۆناخەدا تەنیا جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ کراوەتەوە، لەوانە بەرەی لوبنان. بڕیاردراوە لەم یاداشتنامەیەدا باسی دۆسیەی ئەتۆمی نەکرێت و گفتوگۆ دەربارەی وردەکارییەکانی ئەتۆم بۆ ماوەیەکی 60 ڕۆژەی دوای یاداشتنامەکە دواخراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دووپاتی کردەوە، گەرووی هورمز لە چوارچێوەی ئاوە نیشتمانییەکانی ئێران و عوماندایە و "ئەزموونی چەند مانگی ڕابردوو نیشانی دا کە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم ڕێڕەوەیان بۆ هەڕەشە لە ئێران بەکارهێناوە، بۆیە ئێران مافی خۆیەتی ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر." ئاشکراشی کرد لەمەودوا تێچووی خزمەتگوزارییەکان لەو کەشتیانە وەردەگیرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.

بەقایی هێرشی کردە سەر هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و گوتی: "ئەوان دەیان جار گوتوویانە ئەمڕۆ یان سبەی ڕێککەوتن دەکرێت، ئەمە بەشێکە لە جەنگی دەروونییان. ئێمە بەهۆی پابەند نەبوونیان ئەمریکا بە بەڵێنەکانی پێشوویان، هەر هەنگاوێک بە وریاییەکی زۆرەوە دەنێین." ئاماژەشی دا، "ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، ئێران مافی وەڵامدانەوەی هاوشێوەی دەبێت."

شەهباز شەریف: پێشبینی دەکرێت لە 24 کاتژمێری داهاتوودا کارەکان کۆتاییان پێ بێت

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە هەموو کاتێک زیاتر لە رێککەوتنی ئاشتی نزیکین، پێشبینی دەکرێت لە 24 کاتژمێری داهاتوودا کارەکان کۆتاییان پێ بێت."

سەرۆکوەزیرانی پاکستان روونیشی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ واژۆکردنی ئەلیکترۆنیی رێککەوتنی ئاشتی راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی کارەکان