ئێران: لە رۆژی لە دایکبوونی ترەمپ هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکەین
ئاژانسی فارسی ئێرانی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، تاران ئامادە نییە ئەمڕۆ یەکشەممە، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن واژۆ بکات؛ چونکە ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی دۆناڵد ترەمپ و ئێران نایەوێت ئەم رووداوە بۆ بانگەشەی میدیایی و دەستکەوتی کەسیی ترەمپ بەکاربهێنرێت.
بەگویرەی ئاژانسەکە، دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ تەمەنی دەبێتە 80 ساڵ، جەختی لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنەکە لەم بەروارەدا کردووەتەوە، بەڵام تیمی دانوستانکاری ئێران دەڵێن؛ رێگا نادەن ئەم پرسە بکرێتە نمایشێکی سیاسی. هەروەها سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە رێککەوتنەکە هێشتا بە تەواوی نەگەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و داڕشتنەکەی تەواو نەبووە، بۆیە واژۆکردنی لەم کاتەدا مەحاڵە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026 رێککەوتنێک واژۆ بکرێت و دەستبەجێ گەرووی هورمز بەڕووی هەموواندا بکرێتەوە. ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ ئاماژەی بەوەش کردبوو، لە کاتی گونجاودا لە رێگەی فڕۆکەی "بی-2"ـەوە کار لەسەر لەناوبردنی پاشماوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن.
سەبارەت بە ناوەرۆکی رێککەوتنە پێشنیارکراوەکە، سەرچاوەکان دەڵێن؛ باس لە کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران دەکات، و بڕیارە لە قۆناخەکانی داهاتوودا گفتوگۆ دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکرێت. تا ئێستا دیار نییە واژۆکردنەکە بە شێوەی ئامادەبوونی راستەوخۆ دەبێت یان لە دوورەوە (ئۆنلاین) دەکرێت.