مایک واڵتز: بەشێک لە ئێرانییەکان لە وەرگرتنی رێنمایی لە موجتەبا کێشەیان هەیە
مایک واڵتز رایگەیاند، سەرۆک ئەمریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی هەر ئەمڕۆ رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد ئەم رێککەوتنە جیاوازییەکی ریشەیی لەگەڵ رێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما هەیە.
یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ بەرنامەی (This Week)، باسی لە دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتنەکە کرد و گوتی: "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات تاوەکو رێککەوتنەکە هەر ئەمڕۆ واژۆ بکرێت، هەرچەندە ئێرانییەکان دانوستانکاری زۆر قورسن و هەندێک جار لە نێوان تیمی سەربازی و مەدەنییاندا و لە وەرگرتنی رێنمایی لە رێبەری باڵایان کێشە هەیە."
واڵتز جەختی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە نوێیە زۆر جیاواز دەبێت و ئاماژەی دا، "ئەمە هاوشێوەی رێککەوتنەکەی ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا نابێت کە سەدان ملیار دۆلار رەوانەی تاران کرا؛ لێرەدا هیچ پارەیەکی پێشوەختە ئاڵوگۆڕ ناکرێت، بەڵکو تەنێا کاتێک ئێران پابەندییەکان جێبەجێ دەکات، سوودی ئابووری دەبێت."
سەبارەت بە چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، واڵتز گوتی: "ئەم رێککەوتنە سەرنج دەخاتە سەر دڵنیابوونەوەی تەواو. ئێمە رێگە نادەین وەک رابردوو ئێران بڵێت 'ئەم شوێنە سەربازییە و ناتوانن بیپشکنن'؛ سیستەمەکە 'پشکنین لە هەر کات و هەر شوێنێک بێت' دەگرێتەوە و هیچ کەلێنێک ناهێڵینەوە."
واڵتز، کە تازە لە گەشتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیداری هاوپەیمانە عەرەبەکان گەڕاوەتەوە، رایگەیاند، ترەمپ هەمیشە دیپلۆماسی خستووەتە پێش، بەڵام بە پێچەوانەی ئیدارەکانی پێشوو، ئەم دیپلۆماسییەی بە "هێزێکی سەربازی باوەڕپێکراو" پشتگیری کردووە. گوتیشی: "دەسەڵاتێکی وەک ئێران تەنیا رێز لە هێز و پێگەی بەهێزی دانوستان دەگرن، ئەمەش وایکردووە دانوستانەکان بگەڕێنەوە سەر رێڕەوی ڕاست."