ترەمپ بۆ پووتین: رێککەوتنمان لەگەڵ ئێران زۆر نزیک بووەتەوە
کرێملین: ترەمپ ئامادەیە فشار بخاتە سەر کیێڤ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ
کۆشکی کرێملین رایگەیاند ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی 55 خولەکیدا پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانیان تاوتوێ کرد. لەو پەیوەندییەدا کە لەسەر دەستپێشخەری مۆسکۆ بوو، پووتین پیرۆزبایی 80 ساڵەی لەدایکبوونی لە ترەمپ کرد و هەردوولا جەختیان لە ناردنی نێردەی تایبەت بۆ پەرەپێدانی گفتوگۆکان کردەوە.
یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری کرێملین سەبارەت بە وردەکاری پەیوەندییەکە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ کۆتاییهێنانی خێرا بە جەنگی ئۆکرانیا دەربڕیوە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەیە فشار بخاتە سەر کیێڤ و هاوبەشە ئەوروپییەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ هەڵوێستی مۆسکۆ کە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی دۆنباس دەکات.
ترەمپ لەم پەیوەندییە زۆر خۆشحاڵ بووە و سوپاسی پوتینی کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرۆکی رووسیا "یەکەم سەرکردەی بیانییە" کە ئەمڕۆ بەو بۆنەیەوە پەیوەندی پێوە کردبێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیی خۆی نیشان داوە کە کاریگەری و فشاری خۆی بەکاربهێنێت لەسەر لایەنی کیێڤ و هاوبەشە ئەوروپییەکانی واشنتن، بە مەبەستی گۆڕینی ئاراستەی ململانێکان و گەیشتن بە چارەسەر.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پووتین رەخنەی توندی ئاراستەی ڤلۆدیمێر زێلینیسکی کرد و رایگەیاند کە "ناکرێت کارەساتی هۆلۆکۆست لەبیر بکرێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ مەراسیمی دووبارە بەخاکسپاردنەوەی "ئاندرێ مێلنیک" سەرکردەی رێکخراوی (OUN) کە لەلایەن ئەوروپاوە بە تێوەگلان لە هۆلۆکۆست تۆمەتبار دەکرێت.
سەبارەت بە پرسی ئێران، ترەمپ بە پووتینی راگەیاندووە کە رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران نزیک بووەتەوە و ئەگەری هەیە هەر ئەمڕۆ رابگەیەنرێت.
لەسەر پرسی کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، پووتین هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە و گوتی: "ئەگەر زێلینیسکی دەیەوێت من ببینێت، با بێتە مۆسکۆ." هاوکات سوپای ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بە پێکانی ژێرخانی سڤیلی رووسیا و جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی مەیدانیی بەرەکانی جەنگدا دروست ناکەن.