ترەمپ بە فەرمی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێرانی راگەیاند

پاکستان: ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتن

بە فەرمی تەواوبوونی رێککەوتنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی رگەیاند. ترەمپ فەرمانی دەستبەجێی دەرکرد بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی هیچ باجێک هاوکات سەرۆکوەزیرانی پاکستان، رێککەوتنەکەی پشڕاست کردەوە و بڕیاریشە پاشکەمێکی دیکە ئێران بە فەرمی راگەیەندراوێک بڵاو بکاتەوە.

دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پیرۆزبایی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران کرد و رایگەیاند "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد وەک هەنگاوی یەکەم، دەسەڵاتی تەواوی داوە بە کردنەوەی "گەرووی هورمز" بە رووی کەشتیگەلی نێودەوڵەتیدا بەبێ تێچوو.

هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، ترەمپ فەرمانی کردووە بە هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆ دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و گوتی: "کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن.. با نەوت بڕژێت!"

لە پەیامێکی دیکەیدا دۆناڵد ترەمپ وەسفی ڕێککەوتنەکەی کرد و گوتی: "ئەم ڕێککەوتنە مەزنە ئاشتی و ئاسایش بۆ تەواوی ناوچەکە دەهێنێت." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردەکانی ناوچەکە بۆ یەکەمجار سەرۆکێکیان دۆزیوەتەوە کە بتوانێت هاوکارییان بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی ڕاستەقینە.

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینی، لەگەڵ واژۆکردنی فەرمیی ڕێککەوتنەکە، "گەرووی هورمز" بۆ مەبەستی پاککردنەوەی مینەکان دەکرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە بەم هەنگاوە، جارێکی دیکە نەوت بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت و جووڵەی وزە بۆ ناوچەکە و جیهان ئاسایی دەبێتەوە.

ترەمپ بە شانازییەوە ڕایگەیاند: "زۆرێک لە سەرۆکەکان هەوڵیاندا ئاشتی لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام هەموویان پێش من شکستیان هێنا."

هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد، دوای دانوستانێکی چڕ و ورد، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان. بڕیار وایە مەراسیمی فەرمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە رۆژی هەینی، 19ی حوزەیران، لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەبچێت.

سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەیامەکەدا، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی هەردوو وڵات کرد بۆ پەنابردنە بەر چارەسەری دیپلۆماسی و سوپاسی تایبەتی وڵاتی قەتەری کرد بۆ رۆڵی سەرەکی لە نێوەندگیرییەکەدا. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی سعوودیە و تورکیای کرد کە هاوکار بوون لە گەیشتن بەم ڕێککەوتنە.

شەهباز شەریف ئاماژەشی داوە، بڕیار وایە لەم هەفتەیەوە نێوەندگیرەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئامادەکاری ئەنجام بدەن. ئەم گفتوگۆیانەی پێش جێبەجێکردن، بناغەیەک دەبن بۆ گفتوگۆ تەکنیکییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ مەراسیمی فەرمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە سویسرا، کە کۆتایی بە شەڕی نێوان هەردوو وڵات دەهێنێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاوی کردەوە، بەپێی بەدواداچوونی سەرچاوەکانیان، بڕیارە تا چەند خولەکێکی دیکە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بەو هەواڵانەی لەبارەی رێککەوتن و تێگەیشتنی نێوان هەردوولا بڵاوبووەتەوە، لێدوانی فەرمی بدەن و وردەکارییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن.