سیستەمی ئی-پسوولە لە چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان دەخرێتەکار
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەکارخستنی سیستەمی نوێی دیجیتاڵی لە پێنج ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پڕۆسەکە هۆبەکانی فرۆشیاری وزە لە (گەرمیان، دەربەندیخان، دوکان، چەمچەماڵ و سەیدسادق) دەگرێتەوە و بڕیارە نزیکەی 280,000 هاوبەشی کارەبا لەم سیستەمە نوێیە سوودمەند بن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتدایە بۆ یەکخستنی سیستەمی فرۆشیاری وزە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، سیستەمە نوێیەکە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتیان دەکات لە راییکردنی مامەڵەکانیان، بەتایبەت لە پڕۆسەی پسوولەکردن و پارەدان کە لە رێگەی سەکۆی دیجیتاڵی "ئی-پسوولە" بەشێوەیەکی خێراتر و شەفافتر دەکرێت.
جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لەو پێنج ناوچەیە دوای سەرکەوتنی پڕۆژەکە دێت لە شار و ئیدارە سەربەخۆکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، کۆیە و خەبات)، کە بەشێکی سەرەکییە لە چاکسازییەکانی "پڕۆژەی رووناکی".
پڕۆژەی رووناکی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەندرا، ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرجەم ماڵان و کەرتی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
جێی ئاماژەیە، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە لە 14ـی ئایاری ساڵی رابردوو، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بنبڕکردنی قەیرانی کارەبا ئەژمار دەکرێت.