غەریبئابادی: بۆ هەرسێ بژاردەی دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازی ئامادەین
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی خاوەنی سەرەکیی گەرووی هورمزە و لە ئەنجامی راوێژەکانیان لەگەڵ نێوەندگیران، پلانێکیان ئامادە کردووە بۆ کردنەوەی گەرووەکە لە ماوەی تەنیا دوو رۆژدا، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پلانە بەندە بە هەنگاوی کردەیی ئەمەریکاوە.
یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، ئێستا قەتەر و پاکستان وەک نێوەندگیری کارا لەسەر هێڵن بۆ رەخساندنی زەمینەی لێکتێگەیشتن، و تارانیش بۆ سەلماندنی پابەندیی دیپلۆماسیی خۆی، ماوەی جێبەجێکردنی پلانەکەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە حەوت رۆژەوە بۆ دوو رۆژ کەم کردووەتەوە.
جەختی کردەوە، ئێستا نۆرەی واشنتنە هەنگاوی کردەیی بنێت، چونکە بە هیچ جۆرێک ناکرێت گەرووەکە بکرێتەوە بەڵام تەنیا بە رووی ئێراندا بە داخراوی بمێنێتەوە، هاوکات رەخنەی لە وەڵامەکانی ئەمەریکا گرت و گوتی واشنتن جێبەجێکردنی مەرجەکانی تارانی خستووەتە داهاتووەوە، ئەمەش رێگرە لە گەیشتن بە رێککەوتن.
غەریبئابادی ئاماژەی بەوەش کرد، ناکرێت جەنگ بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت و لێکەوتەکانیشی تەنیا بۆ ئێران بن، بەڵکوو زیانەکانی ئەم جەنگە هەموو جیهان و ئابووریی نێودەوڵەتیی گرتووەتەوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خۆیشی دانی بەوەدا ناوە کە بەشێک لە شکستەکانی بەهۆی جەنگی دژی ئێرانەوە بووە؛ تەنانەت سەرۆکی یەکێک لە وڵاتان بە تارانی راگەیاندووە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە ناچار بوون سیستەمی پشتیوانیی دارایی بۆ دابینکردنی پەینی کیمیایی دابمەزرێنن.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد کە ئەمەریکا لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا لانیکەم سێ جار پەیمانەکانی شکاندووە و ناتوانرێت لەسەر مێزی دانوستان متمانەی پێ بکرێت، بۆیە سەرجەم دامەزراوەکانی ئێران بۆ هەرسێ بژاردەی دیپلۆماسی، رووبەڕووبوونەوەی سزاکان و بەرەنگاربوونەوەی سەربازی ئامادەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ فراوانکردنی هەژموونی لە حەوزی دەریای خەزەردا و گوتی، رووسیا دژی هاتنی ئەمەریکایە بۆ ناوچەکانی باکوور و تارانیش هۆشداریی پێویستی داوەتە وڵاتانی دەریای خەزەر. سەبارەت بە هاتووچۆی سنووری و ئاسمانیش، غەریبئابادی دووپاتی کردەوە، سەرجەم دەروازە وشکانییەکان لەگەڵ عێراق، تورکیا، پاکستان و وڵاتانی باکوور کراوەن و گەشتە ئاسمانییەکانیش بۆ دەرەوە، بەتایبەتی بۆ نەجەف لە عێراق و تورکیا، بەبێ پچڕان بەردەوامن.
غەریبئابادی دووپاتی کردەوە هیچ کام لە مەرجە بنەڕەتییەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن قابیل بە لابردن نین، کە بریتین لە کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی ئابووری، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و هەڵگرتنی سزاکان بەتایبەت لە کەرتی نەوتدا.
بە دیاریکراوی ئاماژەی بە دوو خاڵی هەستیاری دیکە کرد؛ یەکەمیان یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو سزا نوێیانەی واشنتن دوای هەڵوەشاندنەوەی لێکتێگەیشتنەکەی پێشوو سەپاندنی، تاوەکو نەبنە کارتێکی نوێی دانوستان، و دووەمیش کشانەوە و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو هێز و کەرەستە سەربازییە نوێیانەی ئەمەریکا کە دوای رێککەوتنەکەی پێشوو رەوانەی ناوچەکەی کردوون.
روونیشی کردەوە، دەکرێت رێزبەندیی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان لە ماوەی دوو تا حەوت رۆژدا دیاری بکرێت، بە جۆرێک ئەگەر واشنتن لە رۆژی یەکەمدا بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، ئەوا لە رۆژی دووەمدا گەرووی هورمز دەکرێتەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رەتی کردەوە دۆخی ئێستا وەک "نە شەڕ و نە ئاشتی" پێناسە بکرێت و رایگەیاند؛ بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، ئێران هێشتا لە "دۆخی جەنگدایە" چونکە رۆژانە کردەی سەربازی و هەراسانکردن لەلایەن ئەمەریکاوە دژی بەرژەوەندییەکانیان دەبینرێت و هەر دوێنێش کردەوەیەکی سەربازی ئەنجام دراوە. لەم روانگەیەوە، تاران تاوەکو کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی جەنگ هەموو جووڵە سەربازییەکانی لە چوارچێوەی بەرگریی رەوادا ئەنجام دەدات و چاوەڕێ ناکات تا هێرش بکرێتە سەر بنکەیەکی ئینجا وەڵام بداتەوە.
غەریبئابادی ئەوەشی بیرهێنایەوە کە ئەمەریکا لە جەنگی 12 رۆژە و جەنگی 40 رۆژەدا بە تەواوی شکستە ستراتیجییەکانی خۆی تاقی کردووەتەوە، بۆیە ئەوە واشنتنە کە دەبێت متمانەی تاران بەدەست بهێنێت و ئێران وەک قوربانیی جەنگ باجی زیادە نادات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، غەریبئابادی سەرنجی خستە سەر گۆڕینی ناوی سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا و ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی پاکێجی سزاکانی وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بە ناوی "دەرکردنی ئابووری" نەیتوانی لە دوو هەفتەدا ئەنجامی هەبێت و گەمارۆی دەریایی سێ مانگی ڕابردووش بێئەنجام بوو، واشنتن ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بە ناوی "دەروازەی ئاسنین" (Iron Gate) بۆ گەمارۆدانی وشکانی و کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی ئێران لە باکوور، ئاسیای ناوەڕاست و حەوزی خەزەر خستووەتە گەڕ، بەڵام بەهۆی دیپلۆماسیی کارای تاران و هاوکارینەکردنی وڵاتانی دراوسێوە، ئەو پلانەش شکستی هێناوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە پێگەی جوگرافیی وڵاتەکەی کردەوە کە خاوەنی 15 دراوسێی وشکانی و ئاوییە و گوتی، بەهۆی پەیوەندییە پتەوەکانیان لەگەڵ دراوسێکاندا ناتوانرێت ئێران بخرێتە ژێر گەمارۆی تەواوەوە، ڕاشیگەیاند: "ئێران نە ڤەنزوێلایە تا بە دەستگیرکردنی سەرۆکەکەی وا بزانرێت دەتوانرێت ناچار بە تەسلیمبوون بکرێت، و نە کوبایە تاوەکو بە گەمارۆی تەواو هەموو دەروازەکانی هاتن و چوونی لەسەر دابخرێت."