تۆمی پیگۆت: سزای نوێ بەسەر ئێران دەسەپێنین

تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزاکانی واشنتن هەڵاوسانیان لە ئێراندا بۆ 300% تا 400% بەرز کردووەتەوە و توانای تارانیان لە ناوچەکەدا سنووردار کردووە؛ هاوکات جەختی کردەوە ئامانجی نەگۆڕی ئەمریکا رێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و ئەم هەفتەیەش سزای نوێی بەسەردا دەسەپێنن.

یەکشەممە 15ی تشرینی دووەمی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، هەڵمەتی سزا و گەمارۆکانی واشنتن لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری"دا کاریگەریی راستەوخۆ و توندی لەسەر دەسەڵاتدارانی تاران دروست کردووە و رێژەی هەڵاوسانی لە ئێراندا بۆ 300% تا 400% بەرز کردووەتەوە.

 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا  ئاشکرای کرد، ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەو هەڵمەتە ئابوورییە راستەوخۆ توانای ئێرانی بۆ بەردەوامیدان بە چالاکییە تێکدەرەکانی لە ناوچەکەدا سنووردار کردووە.

پیگۆت جەختی کردەوە گوشارە ئابوورییەکان بەردەوامن و رۆژ بە رۆژ کەڵەکە دەبن و بارودۆخەکە بۆ دەسەڵاتدارانی تاران سەختتر و نالەبارتر دەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زۆر بە روونی ئەو بنەمایەی دیاری کردووە کە ئامانجی سەرەکی و نەگۆڕی ئەمەریکا ئەوەیە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

هەروەها رایگەیاند لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا چەندین بڕیار و سزای نوێی دیکە دەردەکەن بۆ بەهێزترکردنی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" و بڕینی تەواوەتیی ئەو داهاتانەی تاران پێویستی پێیەتی بۆ درێژەدان بە سیاسەتەکانی.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە بەرنامەی "سەندەی مۆرنینگ فیوچەرز" کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، زۆربەی سەرکردەکانی ئێران خۆیان لە ژیرزەمین و پەناگەکان شاردووەتەوە، ئاگایان لێ نییە لەسەر زەوی دۆخی وڵاتەکە چەند خراپە.

ئاشکرایکرد، لە مانگی ئاداری 2026ەوە تاوەکو ئاداری 2027 تمەنی ئێرانی بەڕێژەی لەسەدا 25 دادەڕمێت، ئەوەش خێراترین داڕمانە لە مێژوودا.

بێسێنت دەڵێت، ئێران بە تەواوی پەراوێزخراوە، هێڵە ئاسمانییەکانیان کەرەنتینە کراون، سەرکردەکانی ئێران ناتوانن بچنە لەندەن بۆ بینینی خێزانەکانیان، ناتوانن بچنە پاریس تاوەکو هاوڕێ کچەکانیان ببینن، تەنانەت بۆ بینینی پارەکانیشیان ناتوانن بچنە جنێڤ.