پرۆسەی دابەشکردنی 600 پارچە زەوی لە خەلیفان دەستیپێکرد
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری قەزای خەلیفان بە شێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە دەستیپێکردووە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا تەواوی قەزاکانی دیکەی سنووری ئیدارەی سۆران دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2026، لە میانی دابەشکردنی 600 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی قەزای خەلیفان، هەڵکەوت شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ توانرا نەخشەیەکی رێک و پێک ئامادە بکرێت و بەشێک لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری قەزای خەلیفان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە."
سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنی زەوییەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جەختی لەوە کردەوە کە دادپەروەرییەکی تەواو رەچاو کراوە و گوتی: "مافی هەموو فەرمانبەران بەگوێرەی ساڵانی خزمەتیان دەبێت و ئەولەویەت بۆ ئەو کەسانەیە کە خزمەتیان زۆرترە. پرۆسەکە بە شێوەیەکی سیستەمی و ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی مافی کەس پێشێل نەکرێت."
هەڵکەوت شێخ نەجیب هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە کە لە ناوەندی سۆرانیش کارکردن لەسەر ئامادەکردنی زەوی و نەخشەکان تەواو بووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە قەزاکانی مێرگەسوور، سیدەکان و رواندز پرۆسەی ئامادەکردنی زەوی بەردەوامی هەیە و دوای تەواوبوونی رێکارەکان، فەرمانبەرانی ئەو دەڤەرانەش سوودمەند دەبن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیاند، هەوڵ دەدەن ئەو گەڕەکە نوێیانەی لە ئەنجامی دابەشکردنی ئەم زەوییانە دروست دەبن، بە شێوازێکی مۆدێرن و شارستانی بن کە شایستەی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بێت.