ماکرۆن: فەرەنسا رێگە بە وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمز نادات
سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە پەراوێزی لووتکەی G7دا، هەڵوێستی فەرەنسای بەرامبەر رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران و پرسی گەرووی هورمز روون کردەوە و هۆشداری دا لەوەی وەرگرتنی هەر جۆرە باجێک لە گەرووەکەدا نایاساییە.
دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، فەرەنسا بەشداری لەو هێرشە سەربازییانەدا نەکردووە کە کراونەتە سەر ناوچەکە. گوتیشی: "کارە لە پێشینەییەکانی ئێمە کردنەوەی گەرووی هورمزە بۆ ئەوەی سەدان کەشتی و تانکەری نەوت کە چەندین مانگە گیریان خواردووە، دەرباز بن و نرخی وزە لە جیهاندا دابەزێت."
ماکرۆن بە توندی دژی وەرگرتنی هەر جۆرە باجێک لە گەرووی هورمز وەستایەوە و رایگەیاند: "وەرگرتنی باج یان هەر تێچوویەک لە گەرووەکەدا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئێمە بەرگری لەو یاسایانە دەکەین. رێگە نادەین هیچ لایەنێک بە ناوی 'خزمەتگوزارییەوە' باج بسەپێنێت."
سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێک و گوتی: "لە ماوەی 2 بۆ 3 رۆژدا کەشتی فڕۆکەهەڵگری 'شارل دیگۆل' دەگاتە ناوچەکە بۆ کاری مینڕێژکردن و چاودێری، هەروەها لە سبەینێوە فڕۆکە جەنگییەکانمان و کەشتییە جەنگییەکانمان بۆ کاری هەواڵگری لە ناوچەکەدا دەبن."
ماکرۆن باسی لە 'باجی دیجیتاڵی' کرد و رایگەیاند، ئەمریکا بۆی نییە بڕیار لەسەر یاساکانی ئەوروپا و فەرەنسا بدات. گوتی: "گفتوگۆکانمان لەگەڵ واشنتن رێزدارانە دەبن، بەڵام ئێمە لەسەر سەروەریی یاساکانی خۆمان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان سوورین."