قالیباف: واژۆکردنی ئەم یاداشتە سەرکەوتنێکی مێژووییە بۆ وڵاتەکەمان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، هاوشانی محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵاتیان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی واژۆ کرد.
دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و لە لایەنی ئێرانیشەوە محەمەدباقر قاڵیباف واژۆی لەسەر کردووە. ئەم هەنگاوە دوای دانوستانە چڕەکانی چەند رۆژی رابردوو دێت کە تێیدا هەردوولا گەیشتنە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ راگرتنی شەڕ و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.
هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز"، پشتڕاستی کردووەتەوە کە لایەنی ئەمریکی و ئێران یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان واژۆ کردووە.
رۆیتەرز ئاماژەشی داوە، ئەم تێگەیشتنە نوێیە جەخت لەسەر دوو هەنگاوی بەپەلە دەکاتەوە: یەکەمیان، کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا، و دووەمیان، هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ و ئابڵۆقە دەریاییانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەسەر ناوچەکەدا سەپاندبووی.
هەروەها عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی ئابووریی پەرلەمان رایگەیاند: "رۆژی هەینی لە سویسرا سەرۆکی شاندەکانی هەردوولا کۆدەبنەوە و یەکەم گەڕی دانوستانە فەرمییەکان دەستپێدەکات." عێراقچی گوتیشی کە هەرچەندە ئەم رێککەوتنە دەبێتە هۆی کرانەوەی ئابووری، بەڵام ئێران بەهۆی ئەزموونی تاڵی رابردووی ئەمریکا، پرۆسەکە لەسەر بنەمای "بێ متمانەیی" بەڕێوە دەبات و نایانەوێت ئابووری وڵاتەکە تەنیا بەستراوە بێت بەم ڕێککەوتنەوە.
هاوکات، محەمەدباقر قالیباف لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بۆ گەلی ئێران، ئەم رێککەوتنەی وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ وڵاتەکەی وەسف کرد و گوتی: "بە خۆڕاگری مێژوویی ئێوە و ئازایەتی هێزە چەکدارەکان، ئێران هەنگاوێکی گەورەی بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی هاوێشت."
قاڵیباف جەختی کردەوە کە نەیارانی ئێران دەیانویست وڵاتەکە تەسلیم بکەن بەڵام "نەیانتوانی"، ئێستاش ئێران بە سەربەرزییەوە بەرەو ئایندە دەچێت.