ترەمپ: رۆژی هەینی گەرووی هورمز بە تەواوی دەکرێتەوە

لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، یەکلایی بوونەوەی رێککەوتن لەگەڵ ئێرانیان دووپات کردەوە. ترەمپ لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتنەکە "زۆر بەهێزە" و رێگە بۆ ئازادیی کەشتیوانی و دابەزینی نرخی نەوت خۆش دەکات، هاوکات باسی لە پێویستی گفتوگۆ لەگەڵ حزبوڵڵا کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لوبنان.

دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی لوبنان کرد و گوتی: "دەمانەوێت بزانین ئایا دەتوانین کێشەی لوبنان چاک بکەینەوە، چونکە وادیارە هەرگیز کۆتایی نایەت. ئەمە وەک وەشانێکی بچووکی ئەو کارەیە کە ئێمە دەیکەین، بەڵام نابێت کارێکی سەخت بێت. پێویستە قسەیەک لەگەڵ حزبوڵڵا بکەین."

سەبارەت بە کردنەوەی گەرووەکە، ترەمپ جەختی کردەوە کە کەشتیوانی ئازاد دەبێت و گوتی: "پێموانییە پێویستمان بە هاوکارییەکی زۆر هەبێت، چونکە رێککەوتنێکمان هەیە کە تێیدا گەرووەکە رۆژی هەینی دەکرێتەوە و بێ بەرامبەر دەبێت. کەمێک دەمەقاڵێمان لەسەر ئەوە هەبوو، بەڵام دواجار بێ بەرامبەرە. هەرچەندە پێموانییە زۆر پێویست بێت، بەڵام بیرۆکەیەکی خراپ نییە کە وڵاتانی وەک فەرەنسا یەک دوو کەشتییان لەوێ هەبێت، چونکە هەرگیز نازانیت چی روودەدات."

کاتێک رۆژنامەنووسان پرسیاریان کرد ئایا رێککەوتنەکە هەڵگرتنی سزاکانی تێدایە؟ ترەمپ گوتی: "نەخێر، ئێستا تەنیا پەیوەستە بە رەفتارەکانیانەوە. ئەگەر ئەوە بکەن کە بڕیارە بیکەن، ئەوا کاریگەریی دەبێت."

سەبارەت بە کاتی بڵاوکردنەوەی دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە ئاماژەی دا، "پێموایە زۆر بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە. من دەمەوێت بڵاوبکرێتەوە چونکە بەڵگەنامەیەکی زۆر بەهێزە. وەک بەڵگەنامەکەی سەردەمی ئۆباما نییە کە کارەسات بوو. پێموایە دوای رۆژی هەینی بڵاودەبێتەوە؛ ئاماژەشی دا، ئەو رێککەوتنە بۆ هەموویان باشە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەشداریکردنی لە مەراسیمی رۆژی هەینیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد: "جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئەو مەبەستە دێت. لە بنەڕەتدا بڕیار وابوو ئەو بیکات. من رەنگە تا ئەو کاتە لێرە نەمێنم، چونکە دوای ڕۆژ و نیوێکی دیکە لێرە لەگەڵ ماکرۆن دەبین."

ترەمپ ستایشی ماکرۆنی کرد و گوتی: "ئیمانوێل هاوڕێیەکی تایبەتی منە و پەیوەندییەکی نایابمان هەیە. کارمان لەسەر زۆر رێککەوتن کردووە. ئەو جاران پەیوەندی پێوە دەکردم و دەیگوت تکایە سەیری نرخی نەوت بکە کە چۆن بەرزبووەتەوە، بەڵام ئێستا نرخی نەوت زۆر دابەزیوە و من شانازی بەم سەرکەوتنە جیهانییەوە دەکەم."

دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "دوێنێ گفتوگۆیەکی زۆر باشم لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا هەبوو. پێموایە دەتوانین لەوێش کارێک بکەین، چونکە هەردوولا بۆ ئەو مەبەستە کراوەن." ترەمپ جەختی کردەوە ئێستا کاتی ئەوەیە جیهان سەرنج بخاتە سەر ئۆکرانیا چونکە "مانگانە 25 هەزار کەس دەکوژرێن، کە زۆربەیان سەرباز و خەڵکی سڤیلن."

هاوکات سەرۆکی فەرەنسا، گوتی: رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران گەرووی هورمز دەکاتەوە و دۆسیەی ئەتۆمیش چارەسەر دەکات، ڕێککەوتنەکەی نێوان واشنتن و تاران زۆر گرنگە.