زەیدی و بەڕاک لەسەر "ئابوورییەکی بەهێز و وڵاتێکی بێ چەکدار" رێککەوتن

سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن کردەوە. هاوکات رێککەوتن لەسەر داماڵینی چەکی گروپەکان و پێدانی مۆڵەت بە چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە بوارەکانی وزە و تەکنەلۆژیا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق، کۆبوونەتەوە و جەختیان لە پابەندبوونی هاوبەشی هەردوو حکوومەت کردووەتەوە بۆ بونیادنانی عێراقێکی خاوەن سەروەری و ئاسایش. 

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ چاوەڕێ دەکات لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات بۆ تاوتوێکردنی ئایندەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات".

تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ پرسی ئەمنی و سەروەریی عێراق. "هەردوولا باسیان لە پلانی حکوومەتی عێراق کرد بۆ داماڵینی تەواوەتی چەک و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گروپ و پێکهاتە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی دەوڵەتدان. ئامانج لەم هەنگاوە قەتیسکردنی چەکە بەدەست دەوڵەتەوە، تاوەکو عێراق لە ململانێکان دووربخرێتەوە و خاکی ئەم وڵاتە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی ناوچەکە". 

لە رووی ئابووری و وەبەرهێنانەوە، بەگوێرەی راگەیەنراوەکە "حکوومەتی عێراق رەزامەندی داوە لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی کارکردن بە کۆمپانیای ستارلینک، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی جیهانی پێشکەش بە هاووڵاتییانی عێراق بکات".

ئاماژە بەوەش کراوە "هەروەها لە کەرتی وزەدا چەندین هەنگاوی گەورە نراون، لەوانە دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆن بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای قوڕنەی دوو و ناسریە. هەروەها کارئاسانی و پێدانی گەرەنتیی ئەمنی بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی هەرسێ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن (HKN) و وێستێرن زاگرۆس (Western Zagros) و هەنت (Hunt)".

لە بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەدا باس لە چوونەپێشەوە لە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای تی ئای کاپیتاڵ (TI Capital) کراوە بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس وەک رێڕەوێکی گرنگی هەناردەی نەوت. لەگەڵ پەرەپێدانی هاریکارییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای عێراق، لە رێگەی پڕۆژەی کۆمپانیای ئێکسیلەرەیت ئینێرجی (Excelerate Energy) بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی سەرئاو بۆ هاوردەکردنی غازی سروشتیی شل لە خور زوبێر.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا باس لەوە کراوە، هەردوو بەرپرسە عێراقی و ئەمریکییەکە جەختیان لە گرنگیی پاڵپشتیکردنی عێراقێکی فیدراڵی، دیموکراسی، بەهێز و یەکگرتوو کردووەتەوە، بۆ ئەوەی یەکسانی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان دەستەبەر بکات و ببێتە مایەی سەقامگیری و بوژانەوە.