هێڵی ئاسمانی عێراقییە لە لیستی قەدەخەکانی ئەوروپا مایەوە
یەکێتیی ئەوروپا هێڵی ئاسمانی عێراقییەی لە لیستی ئەو هێڵە ئاسمانییانە هێشتەوە کە کارکردنیان لە یەکێتییەکە قەدەخەکراوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و کەمووکوڕیەوەیە.
بەپێی دوایین نوێکردنەوەی رێسای سەلامەتی فڕۆکەوانی ئەوروپا (ASL) کە لە 9ـی حوزەیرانەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هێڵی ئاسمانی عێراقی و فلای بەغدا لە لیستی ئەو کۆمپانیایانەدا ماونەتەوە کە فڕینیان لە ئاسمانی ئەوروپا قەدەخەکراوە.
قەدەخەکەی یەکێتیی ئەوروپا چوار هێڵی ئاسمانی عەرەبی و ناوچەکە دەگرێتەوە ئەوانیش بریتین لە، هێڵی ئاسمانی عێراقیە، ئێران ئاسمان ئێرلاینز، ئێر ئێکسپرێس جەزائیر، هەروەها سەرجەم ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییانەی مۆڵەتیان لە لیبیا و سوودان و جیبۆتی هەیە. گەشتکردنیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا قەدەخەکراوە، ئەمەش بەهۆی مەترسیی رێکارەکانی چاودێری سەلامەتییەوەیە.
لیستە نوێکراوەکەی یەکێتیی ئەوروپا، 154 هێڵی ئاسمانی لەخۆدەگرێت کە لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەوروپادا کارەکانیان قەدەخەکراون، ئەو هێڵە ئاسمانیانە هی 126 کۆمپانیای 16 وڵاتی جیاوازن، ئەمەش لە ئەنجامی کەموکوڕییەکانی سیستەمی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی ئەو وڵاتانەیە.
هەروەها 22 هێڵی ئاسمانی رووسیا لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەی زیمبابۆی و ڤەنزوێلا لە لیستەکەی یەکێتیی ئەوروپادان و کارکردنیان لێ قەدەخە کراوە، هاوکات یەکێتیی ئەوروپا کارکردنی بەشێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران و کۆریای باکووری سنووردار کردووە و تەنیا دەبێت گەشتەکانیان بەو فڕۆکەیە بێت کە یەکێتییەکە بۆیان دیاریکردووە.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا لیستی سەلامەتی ئاسمانی خۆی جار جار نوێ دەکاتەوە بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی تەکنیکی پابەندبوونی هێڵە ئاسمانییەکان و دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی مەدەنی بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کە لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی (ICAO) پەسەندکراون.
بە پێچەوانەوە، کۆمیسیۆنی ئەوروپا هەموو هێڵە ئاسمانییە پەسەندکراوەکانی قرغیزستانی لە لیستی قەدەخەکردنەکە لابرد، دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا پێشکەوتنیان لە پەرەپێدانی سیستەمی چاودێری سەلامەتی فڕۆکەوانیدا نیشان دا.