هۆگر ڤایۆلین: دەمانەوێت ئافرەت ببێتە روخساری نوێی موزیکی کوردی

گرووپی میوزیکی "کیژانی کوردستان"، لەژێر دروشمی "کیژانی کوردستان؛ دەنگی موزیکی خاک و نەتەوەیەکین کە هەرگیز بێدەنگ نابین" دامەرزا و کە لەلایەن هۆگر ڤایۆلین سەرپەرشتی گرووپەکە دەکرێت و دەڵێت، " دامەزراندنی "کیژانی کوردستان"،  نیشانەی یەکگرتنی ئافرەتانە بۆ دروستکردنی دەنگێکی هاوبەش لە خزمەتی هونەر و فەرهەنگی کوردی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی حوزەیرانی2026، هۆگر ڤایۆلین، سەرپەرستیاری ئەو گرووپە موزیکییە بە کوردستان24ی گوت، "گرووپی موزیکی "کیژانی کوردستان"، یەکێکە لە پڕۆژە هونەرییە نوێکان کە بە ئامانجی کۆکردنەوە و رێکخستنی تواناکانی ئافرەتان لە بواری موزیکدا دامەزراوە. ئەم گرووپە 25  ژەنیار و 30 دەنگبێژی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان کۆکردووەتەوە، بەو شێوەیەی کە لە یەک شوێن دا دەنگ و رەنگی جیاوازی کوردستان پێک دەهێنن و دەیگۆڕن بە دەنگێکی هاوبەش و فرەڕەنگ."

هۆگر ڤایۆلین گوتیشی، "گرووپەکە بە شێوەیەکی هونەری و رێکخراو دەست بەکارەکانی خۆی دەکات، کە تێیدا جیاوازیی نێوان دەنگبێژ و ژەنیار تەنیا لە رێکخستنی کاردا هەیە، نەک لە بەهای هونەری. هەروەها ئەندامەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە هاتوون، و ئەمە وایکردووە گرووپەکە ببێتە نموونەیەکی راستەقینەی یەکگرتنی هونەری و کولتووری."

ئەو موزیکژەنە باس لە ئامانجی دامەزراندنی ئەو گرووپە موزیکییە دەکات و دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیی گرووپی "کیژانی کوردستان"، تەنیا پێشکەشکردنی گۆرانی نییە، بەڵکو دروستکردنی فەزایەکە کە تێیدا ئافرەتانی کورد بتوانن بە ئازادی و بەهێزی دەنگی خۆیان پیشان بدەن. ئەمەش هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی ئافرەت لە گۆڕەپانی هونەر و شکاندنی سنوورە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان کە هەندێک جار سنوور بۆ بەشدارییان دروست دەکەن."

هۆگر ڤایۆلین ئاماژەی بەوەش دا، "گۆرانی و بەرهەمەکانی گرووپەکەمان بە تایبەتمەندی فرەڕەنگی ناسراون؛ لەبەر ئەوەی زمان و زاراوە جیاوازەکان دەگرنەخۆیان، و لە هەمان کاتدا شێوازی موزیکە جیاوازەکان لە خۆ دەگرن. ئەمە وای کردووە کارەکانمان ببن بە پلاتفۆرمێک بۆ پیشاندانی جۆرە جیاوازەکانی موزیکی کوردی، لە شێوەی نوێ و هاوچەرخ دا."

ئەو موزیکژەنە باسی لەوەش کرد، "هەروەها ئێمە تەنیا ئامانجمان تۆمارکردنی موزیک و گۆرانی نییە، بەڵکو بەشدارییەکی راستەوخۆیە لە پاراستن و پەرەپێدانی هونەر و فەرهەنگی کوردی، و هەوڵ دەدەین  موزیک بکەینە زمانی هاوبەشی نێوان کولتوور و نەوەکان. هەروەها ئەم گرووپە لە راستیدا پەیامێکی گەورە دەگەیەنێت، ئەویش ئەوەیە کە موزیک تەنیا هونەر نییە، بەڵکو دەنگی ژیان، یەکگرتن و ناسنامەیەکە کە دەتوانێت مرۆڤەکان لە ناو جیاوازییەکاندا پێکەوە ببەستێتەوە."

گرووپی میوزیکی "کیژانی کوردستان"، بە ئامانجی یەکخستنی تواناکانی ئافرەتان لە بواری موزیکدا دامەزراوە. ئەم گرووپە 25 ژەنیار و 30 دەنگبێژی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کۆکردۆتەوە بۆ دروستکردنی دەنگێکی هاوبەش و فرەڕەنگ. هەروەها گرووپەکە دەیەوێت رۆڵی ئافرەت لە هونەر و موزیکدا بەهێزتر بکات و پەیامی یەکگرتن و یەکسانی لە گۆڕەپانی فەرهەنگی بڵاوبکاتەوە.