رزگار حەمە رەشید: "شانۆ و رەخنەی شانۆیی" یەکێک بوو لە گەورەترین هیواکانی ژیانم

رزگار حەمە رەشید، نووسەر و هونەرمەند، نوێترین کتێبی خۆی بەناوی "شانۆ و رەخنەی شانۆیی"، بڵاوکردەوە و دەڵێت"چاپبوون و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە بە یەکێک لە هیوا گەورەکانی ژیانی خۆم دەزانم، چونکە ئەنجامی ساڵانێکی زۆری کار و لێکۆڵینەوەکانمە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2026، رزگار حەمە رەشید، نووسەر و هونەرمەند، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەم کتێبە تەنیا باس لە شانۆ ناکات، بەڵکو لە رێگەی خوێندنەوەی شانۆوە هەوڵێکە بۆ ئاوڕدانەوە لە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشووری کوردستان لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا؛ ئەو گۆڕانکارییانەی کە کاریگەرییان لەسەر دروستبوون و گەشەکردنی بزووتنەوەی شانۆیی هەبووە."

رزگار حەمە رەشید گوتیشی، "بەشی یەکەمی کتێبەکە تایبەتە بە خوێندنەوەی ئەو مێژووە؛ لە هەڵبەز و دابەزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە بۆ رۆڵی حیزب و رێکخراوەکان و کاریگەرییان لەسەر شانۆ. لە هەمان کاتدا، من بەشێک لە ئەزموونە کەسییەکانی خۆم لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان وەک نموونەی پراکتیکی هێناوەتە ناو کتێبەکە بۆ پشتگیری لە بۆچوون و بەڵگەکانم."

ئەو نووسەرە باس لە خوێندنەوەی بەشی دووەمی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت، "بەشی دووەمی کتێبەکە روو لە رەخنەی شانۆیی دەکات و خوێندنەوەیەکی رەخنەیی بۆ ژمارەیەک نمایش پێشکەش دەکات؛ بەشێک کە وەک پراکتیکی ئەو رێچکە و تیۆرە رەخنەییانە دەبینرێت کە من پێشتر لە کتێبەکانی خۆمدا  باسیانم کردووە."

رزگار حەمە رەشید ئاماژەی بەوەش دا، " چاپبوون و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە بە یەکێک لە هیوا گەورەکانی ژیانی خۆمی دەزانم، چونکە ئەنجامی ساڵانێکی زۆری کار و لێکۆڵینەوەکانمە. بۆیە ئەو کتێبە ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنە بە خوێنەری کورد و شانۆکاران، بە تایبەتی ئەو نەوە تازەی ئەمڕۆ کە لە هەواڵی خێرا و دەسەڵاتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، هێشتا شانۆیان وەک شوێنێک بۆ پرسیارکردن، دۆزینەوە و نزیککردنەوەی مرۆڤەکان هەڵبژاردووە."

ئەو نووسەرە باس لە دۆخی ئێستای شانۆی کوردی دەکات و دەڵێت، "دۆخی شانۆی کوردی لە نێوان هەوڵ و توانای هونەرمەندان و کەمی پشتگیری سیستەمی دەجوڵێتەوە. لە کاتێکدا هەندێک هونەرمەند توانیویانە ئاستی باش نیشان بدەن، بەڵام کێشەی دارایی و رێکخراوەیی وایکردووە شانۆ زۆرجار بە چالاکییەکی کورتخایەن بمێنێتەوە."

دەربارەی ئەوەی کە شانۆی کوردی توانیویەتی لەرێگەی بینەرەکانییەوە پەیام بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، رزگار حەمە رەشید دەڵێت، "چالاکییە شانۆییەکان یەکسان نین؛ هەندێک کات جوڵەی زیاتر هەیە، بەڵام هێشتا نەبووە بە بزووتنەوەیەکی بەهێز و بەردەوام. هەروەها شانۆ هێشتا توانای گەیاندنی پەیامی هەیە و دەتوانێت بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بخاتە روو، بەڵام کاریگەرییەکەی بە شێوەیەکی فراوان نەگەیشتووە بە هەموو کۆمەڵگە."

رزگار حەمە رەشید، نووسەر و هونەرمەند، خەڵکی شاری سلێمانییە. کاری نووسین و دەرهێنانی بۆ چەندین شانۆگەری کردووە. خاوەنی چەند کتێبە و لە بواری شانۆ و رەخنەی شانۆیی کار دەکات.