زاخۆ لە سایەی ئاوەدانیدا مێژووی هەزاران ساڵە دەگێڕێتەوە

لە نزیک ڕووباری خابوور، ئەو شوێنەی کە رووبارەکەی بە ئارامی و لەسەرخۆیی تێدەپەڕێت، مۆزەخانەیەک مێژووی دێرینی ناوچەکە بە شکۆوە دەگێڕێتەوە، هاوکات لەگەڵ گەشە و فراوانبوونی شارەکە، بوونەتە ناوەندێکی گرنگی ڕاکێشانی گەشتیاران.

شاری زاخۆ کە هاوسنووری شاری سلۆپی باکووری کوردستانە، لە سایەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەدا رووخسارێکی تەواو نوێی بەخۆوە بینیوە، ئێستا شارەکە باوەشی گەرمی بۆ سەدان هەزار گەشتیار کردووەتەوە؛ گەشتیاران دەتوانن لە نێو بازاڕی کۆنی شارەکە و لێواری کۆڕنیش و لە تەنیشت پردی مێژوویی "دەلال"، پیاسەیەکی هەزاران ساڵە بە نێو قووڵایی مێژوو و شکۆی دەڤەرەکەدا بکەن.

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەواردا، لە 15ی شوباتی 2024، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، مۆزەخانەی شارەکە بە فەرمی کرایەوە.

ئێستا مۆزەخانەکە لەلایەن "لانە عەبدولسەلام عیزەت" بەڕێوەدەبرێت و بەبێ گوێدانە پشوو، هەر حەوت رۆژەی هەفتە لە کاتژمێر 9:30 خولەکی بەیانی تا 12ی شەو پێشوازی لە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکرێت.

لانە عەبدولسەلام عیزەت، بە کوردستان24ـی گوت: مۆزەخانەکە هەردوو بەشی مێژوویی و کولتووری لەخۆ گرتووە و تیمی فەرمانبەرانی پسپۆڕ ئامادەن بۆ پێشوازی و وەڵامدانەوەی سەرجەم پرسیارەکانی گەشتیاران، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورەی بۆ ناساندنی مێژووی ناوچەکە کردووە.

لانە عەبدولسەلام عیزەت، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی زاخۆ

گەشتی هەزاران ساڵە

لە بەشی شوێنەواردا، گەشتێک بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەکەیت. ئەو بەشە 300 پارچەی شوێنەواری تێدا نمایشکراون. یەکێک لە گرنگترین پارچەکان، "بەردی ئۆپسیدن"ە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 10 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. تابلۆیەکی مێژوویی زیندوو لەم بەشەدا دەبینرێت، کە چەندین پارچەی گرنگی چاخی بەردین، سەردەمی ئێلنستی، ئاشووری و میتانی لە خۆ دەگرێت.

لەو بەشەدا، سێ پارچەی دەگمەن و جیاواز، سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشت؛ پەیکەری هێراکلیس، پەیکەری دایک و گۆڕێک کە لە شێوەی تابووتە و مێژووەکەی بۆ سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ، پێی وایە پەیکەری هێراکلیس بۆ سەردەمی هێرشی رۆمانییەکان بۆ ناوچەی میزۆپۆتامیا دەگەڕێتەوە. ئەو پەیکەرە کە قەبارەکەی بچووکە، لە تەنیشت چەندین پەیکەر و ئێسک لە نزیک زاخۆ دۆزراوەتەوە.

پارچەیەکی دیکەی سەرنجڕاکێش لە مۆزەخانەی زاخۆ، پەیکەری دایکە، ئەم پەیکەرەش قەبارەکەی بچووکی هەیە؛ محەممەد ئەحمەد لەم بارەیەوە دەڵێت: نموونەی هاوشێوەی ئەم پەیکەرە لە زۆر شوێنی کوردستان دۆزراوەتەوە، چونکە لەو سەردەمەدا مرۆڤەکان وەک سەرچاوەی سەرەکیی ژیان لە لە دایکیان دەڕوانی.

هەروەها  گۆڕێکی تابووت-ئاساش لە مۆزەخانەکە دانراوە، کە مێژووەکەی بۆ 3 هەزار ساڵ بەرلە زایینی مەسیح دەگەڕێتەوە.

بەشی کەلەپوورییەکەی مۆزەخانەکە، رەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خەڵکی ناوچەکەیە. لێرەدا جلوبەرگی رەسەنی کوردی، چەکە کۆنەکان، کەرەستەکانی کشتوکاڵ و نیشانەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتە جیاوازەکان نمایشکراون. مۆزەخانەکە بە گشتی وەک "زاخۆیەکی بچووک" وایە کە لە نێو چواردیوارێکدا کۆکراوەتەوە.

جووڵەی گەشتیاری و گرنگیی ئابووری

بێوار عومەر فەتاح، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاریی زاخۆ بە کوردستان24ـی گوت:"پێش ئەوەی زاخۆ ببێتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ و زیاتر ئاوەدان بکرێتەوە، ساڵانە نزیکەی 400 هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆی دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە."

لەو نێوەشدا، مۆزەخانەی زاخۆ بووەتە جەمسەرێکی گرنگی راکێشانی گەشتیاران. ئامارەکان دەریدەخەن کە رێژەی سەردانیکەران لە نێوان وەرزەکانی هاوین و زستاندا جیاوازن. لە وەرزی هاویناندا، جووڵەی زۆرتر بەخۆوە دەبینێت.

ئەمە سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە مۆزەخانەکە تەنیا شوێنێکی پاراستنی پارچە شوێنەوارییەکان نییە، بەڵکو بزوێنەرێکی گرنگی کەرتی گەشتوگوزار و رۆشنبیرییە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا، کە پردێکی پەیوەندیی مۆدێرن لە نێوان رابردووی پڕ لە شکۆ و داهاتووی گەشی شارەکە دروست دەکات.