وۆڵ ستریت جورناڵ: ئەمریکا سزاکانی سەر نەوتی ئێرانی هەڵپەسارد

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاشکرای کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ، بڕیاریداوە دەستبەجێ رێگە بە ئێران بدات نەوت و سووتەمەنی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات. ئەم هەنگاوە وەک "هاندەرێکی دارایی پێشوەختە" بۆ تاران دەبینرێت تاوەکو پابەندی هێورکردنەوەی ململانێکان بێت.

سێشەممە 16ی حوزەریانی 2026، بەپێی راپۆرتەکەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر نەوتی ئێران لەگەڵ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەم هەفتەیەدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم ئاسانکارییانە تەنیا پرۆسەی فرۆشتنی نەوت ناگرێتەوە، بەڵکوو تەواوی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، گواستنەوە و دڵنیایی دەگرێتەوە کە بۆ سەرخستنی بازرگانی نەوت پێویستن.

ئەو راپۆرتە ئاماژەشی داوە، تانکەرێکی گەورەی ئێرانی دوای بارکردنی نەوتی خاو لە بەندەری چابەهارەوە بەڕێکەوتووە و بە ناو گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکادا تێپەڕیوە. ئەمە یەکەمجارە لە دوای مانگی نیسانی رابردووەوە کەشتییەکی ئێرانی بە ئامێری شوێنپێهەڵگری کاراوە لە دەریای عوماندا بسووڕێتەوە بەبێ ئەوەی لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە رێگری لێ بکرێت.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە دەڵێت: "هەرچەندە ئێران لە هەنگاوی یەکەمدا سوودمەند دەبێت لە فرۆشتنی نەوت، بەڵام بەردەوامیی ئەم لێخۆشبوونە بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی واشنتن لەلایەن تارانەوە، بەتایبەت لە پرسەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز و بەرنامە ئەتۆمییەکەی." هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە تاران هێشتا ناتوانێت دەستی بەو ملیارەها دۆلارە بگات کە لە بانکە بیانییەکاندا سڕکراون و ئازادکردنی ئەو پارانە کاتی زیاتری دەوێت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی ئێران، مەجید تەخت رەوانچی، یاریدەدەری کاروباری سیاسیی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی کردەوە، هەڵگرتنی گەمارۆکە یەکێک بووە لەو مەرجانەی تاران لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە جەختی لێ کردووەتەوە. ناوبراو گوتی: "پڕۆسەی هەڵگرتنی ئابڵۆقەکە دەستی پێکردووە و پێش واژۆکردنی فەرمیی رێککەوتنەکە، گەمارۆکە بە تەواوی هەڵگیراوە."

ئەم بڕیارەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە هەردوو وڵات گەیشتنە لێکتێگەیشتن بۆ راگرتنی شەڕ، کە ئاسانکاری دەکات بۆ ئێران تاوەکو جارێکی دیکە دەست بە هەناردەکردنی نەوت و کاڵاکانی بکاتەوە لە رێگەی بەندەرە نێودەوڵەتییەکانیەوە.