نرخی نەوت بۆ خوار 80 دۆلار دابەزی

بەهۆی گەشبینی بە کردنەوەی گەرووی هورمز و نزیکبوونەوەی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی نێوان واشنتن و تاران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی زیاتر لە 5% دابەزی. ئەم دابەزینە، کە نرخەکەی گەیاندە نزمترین ئاستی سێ مانگی رابردوو، گوشارەکانی هەڵاوسانی لەسەر ئابووری جیهان کەمکردووەتەوە.

نەوتی خاوی برێنت بۆ خوار 79 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، هاوکات نەوتی خاوی تێکساس (WTI) بە رێژەی 5.9% دابەزی و گەیشتە خوار 76 دۆلار. ئەم هەرەسە لە نرخەکاندا دوای ئەوە هات کە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوی کردەوە واشنتن سزاکانی سەر نەوتی ئێران لادەبات و رێگە بە تاران دەدات دەستبەجێ نەوت و سووتەمەنی بفرۆشێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە, گەرووی هورمز "بە تەواوی دەکرێتەوە" کاتێک رۆژی هەینی رێککەوتنی فەرمی لە سویسرا واژۆ دەکرێت. میدیاکانی ئێرانیش پشتڕاستیان کردەوە کە پێشوەختە سێ تانکەری نەوت و دوو کەشتیی بارهەڵگر بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتنی ئەو ئابڵۆقەیەی کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردبوو.

بازاڕەکانی پشکی ئەوروپا بە گەشبینییەوە پێشوازییان لەم هەواڵە کرد و بە بەرزبوونەوە داخران، لە کاتێکدا وۆڵ ستریت لە ئەمریکا بە وریاییەوە مامەڵەی کرد. پشکی کۆمپانیای "SpaceX"ی ئیلۆن مەسک درێژەی بە سەرکەوتنە گەورەکانی دا و بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک 10%ی تری چووە سەر نرخەکەی.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ rیزەرف) یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی "کیڤن وارش" دەسپێکرد و چاوەڕوان دەکرێت رێژەی سوود جێگیر بکات. هاوکات، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە یەدەگی نەوتی ستراتیژی ئەمریکا بۆ نزمترین ئاست لە ساڵی 1983وە دابەزیوە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە واشنتن پێویستی بە کڕینی بڕێکی زۆری نەوت دەبێت بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی لە دوای جەنگ.

نەوتی برێنت: 79.00 دۆلار (5.0% دابەزین)

نەوتی تەکساس: 75.97 دۆلار (5.9% دابەزین)