راوێژکاری ئەڵمانیا: یەکەم کەشتیی مینپاکەرەوەمان ئاراستەی ناوچەکە کرد
راوێژکاری ئەڵمانیا، لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوتدا (G7)، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی و رایگەیاند کە ئەڵمانیا بە هێزی سەربازی بەشداری لە پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا دەکات. مێرتز جەختی کردەوە کە "باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا" ئێرانی ناچار کردووە رێککەوتنەکە قبووڵ بکات و هیوای خواست هەمان مۆدێل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا بەکاربهێنرێت.
سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرای کرد، بەڵێنی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داوە کە ئەڵمانیا رۆڵی خۆی دەگێڕێت لە گەرەنتی کردنی ئاشتی و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
مێرتز گوتی: "ئێمە ئامادەین بە ئامرازە سەربازییەکانمان هاوکار بین بۆ پاککردنەوەی مینەکان و پاراستنی گەرووەکە؛ پێشوەختەش یەکەم کەشتیی مینپاکەرەوەمان بۆ ناوچەکە ناردووە." ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت لەنێو حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا گفتوگۆ لەسەر بنەما یاساییەکانی ئەم بەشدارییە سەربازییە بکرێت.
مێرتز لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بە ترەمپی گوتووە: "لەم نموونەیەی ئێراندا دەبینیت کە هێز و توندیی سەربازی دەتوانێت رێگە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بکاتەوە." گوتیشی: ئێران هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەم نەبوو جگە لە قبووڵکردنی رێککەوتنەکە لە بەرامبەر هێزی سەربازیی ئەمریکادا.
مێرتز هیوای خواست کە ئەم دۆخە نوێیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرکوتکردنی گەلی ئێران لەلایەن "دەسەڵاتی مەلاکانەوە" و هەلێک بێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران بتوانن بەشداری لە بڕیارە سیاسییەکانی داهاتووی وڵاتەکەیاندا بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا قوربانییەکی زۆر لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا هەبووە.